سەرووی دوو هەزار هاندەر و 9 پارێزەر بۆ پشتیوانیم دێنە بەردەم دادگا
بڕیار وایە ئەمڕۆ، یەکشەممە، ٢٠ی ئاب، یەکەمین دانیشتنی دادگا لەسەر سکاڵایەکی هونەرمەند دینا دەرزی بەڕێوەبچێت کە لەسەر فاخیر هەریری تۆماری کردووە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی جامی عێڕاق کە لە نێوان یانەی هەولێرو قوە جەوییە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، هونەرمەند دینا دەرزی ئەوەی ڕاگەیاند ئەو حەزدەکات یانەی قوە جەوییە جامەکە بەدەست بێنێت نەک یانەی هەولێر.
لەبەرامبەر ئەوەدا فاخیر هەریری هێرشی توندی کردە سەر ئەو هونەرمەندەو بە کەسێکی نمەک حەڕامی لە قەڵەمدا بەرامبەر شاری هەولێر.
بۆ ڕۆژی دواتر هونەرمەند دینا دەرزی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند ئەمە یاری تۆپی پێیە نەک جەنگی جیهانی تا من حەز بکەم یانەی هەولێر بیباتەوە. هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند ئەو سکاڵا لەسەر فاخیر هەریری تۆمار دەکات چونکە سوکایەتی پێکردووە.
شەوی ڕابردوو، فاخیر هەریری ڕایگەیاند ”بڕیارە بەیانی سەرووی دوو هەزار هاندەر و 9 پارێزەر و چەندەها کەسایەتی دڵسۆز لە پێش دادگا ئامادە بن”.