بوار:
خانەقا و مەدرەسەی بیارەی شەریفە، لە ساڵی (١٣٠٧ کۆچی) ١٨٨٥ی زایینی لەسەر دەستی مامۆستا شێخ عومەر زیائەدین ناسراو بە شێخ عومەری بیارە دامەزراوە.
ئەم مەدرەسەیە کاتێک بونیادنراوە تاکە قوتابخانە بووە لە ناوچەکەدا و ناوەندێکی گرنگی زانست و زانیاری بووە، کە خزمەتێکی گەورەی بە زانستی ئیسلامی کردووە، ژمارەیەکی زۆر زانا و کەڵە پیاوانی ئەم ڕێبازەی پێگەیاندووە، لەو ڕۆژەوەی دامەزراوە تا ئێستا، کە ١٣٨ ساڵ دەکات، بەردەوامە لەسەر خزمەتکردن بە ئیسلام و عیلم و عیرفان.
وتاربێژی هەینی خانەقای بیارە، مامۆستا سەید غەفور شێخ ئەحمەد عەبابەیلێ، باسی لەوە کرد ئامانج لە دروستکردنی ئەم مەدرەسە و خانەقایە لەلایەن شێخانی هەورامانەوە تەنیا بۆ ڕەزامەندی خودا و ئاشنابوونی خەڵکە بە زانستی ئیسلام و جێبەجێکردنی بەکردار.
وەک مامۆستا سەید غەفور باسی دەکات، مەدرەسەکەیان زیاتر بە مەدرەسەی شێخ عومەری بیارە ناسراوە و زانستە ئیسلامییەکان تیاییدا دەخوێندرێت و فەقێ ئیجازە وەردەگرێت.
سەبارەت بە وشەی خانەقا، کە لە چییەوە هاتووە، مامۆستا سەید غەفور وتی: ئەم خانەقایە لقێکە لەو مزگەوتە، لەبەر ئەوەی کارێکی دروست نییە لە مزگەوتدا دابنیشیت بۆ نانخواردن، قسەکردن و خەوتن، بەڵام خانەقا شوێنێکە بۆ پشوودان و نانخواردن، وەک لقێکە کە بە پەردە جیاکرابێتەوە لە مزگەوتەکە، وەک بڵێی با ئێرە ناوی مزگەوت نەبێت بۆ ئەوەی ئەگەر خەڵکانێک خەوتن و لەشگرانبوون گوناهبار نەبن".
لەم مەدرەسە و خانەقایەدا بە چەندین ڕێگا وانە دەخوێندرێت، لە ئێستادا نزیکەی ٧٠ فەقێ وانەی زانستی ئیسلامیی تیاییدا دەخوێنن و ئیجازەی مەلایەتیان پێ دەدرێت.
لە خانەقای بیارە کەس خاوەن ماڵ نییە و ئەوانەی ڕووی تێدەکەن خزمەت دەکرێن و نانیان پێ دەدرێت.
ڕۆژانە لە خانەقای بیارەدا جگە لە خوانی فەقێکان، کە زۆربەیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دیکەوە هاتوون بۆ خوێندن، خوان بۆ دەیان کەسی دیکە لە هەژاران و ڕێبواران ساز دەکرێت و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان، کە شێخ محەمەد عوسمان سیراجەدینی نەقشبەندییە، لە بنەماڵەی دامەزرێنەری ئەم مەدرەسە و خانەقایە لە دایک بووە، کە کوڕی شێخ محمد عەلائەدین کوڕی شێخ عومەر زیائەدین، لە ساڵی (١٣١٤ی کۆچی) ١٨٩٦ زایینی هاتوەتە دنیاوە و، ناسراوە بە شێخ عوسمانی بیارە و دواهەمین شیخی گەورەی تەریقەتی نەقشبەندییە لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا.
شێخ عوسمانی بیارە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە کۆڕی سۆفییەکان بەشداریان کردووە، لە خزمەت باوکی زانستە ئیسلامییەکانی وەرگرتووە و ئەدەبیاتی عەرەبی و فارسی خوێندووە و، بەهۆی زیرەکی و بەتوانایی و لێهاتووییەوە بە ئەمری باوکی دەکرێت بە سەرپەرشتی هەردوو خانەقای بیارە و دووڕۆ، لە پاش کۆچی دوایی شێخ عەلائەدینی باوکیشی بە کۆی دەنگی زانایانی ئایینی و شوێنکەوتوانی ئەهلی تەریقەتی نەقشبەندی دەکرێت بە شێخی تەریقەتی نەقشبەندی و جێگەی باوکی دەگرێتەوە.
وانەبێژ لە خانەقای بیارە، مامۆستا مەحمود یەعقوب باسی لەوە کرد پێشووتریش مەشایخی هەورامان خزمەتی ئەهلی عیلم و زانایانیان کردووە، بەتایبەتی لە تەوێڵە کە زۆرێک لەو زانایانە پێگەیەکی گەورەیان هەبووە لە ناوچەکەدا وەک مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس کە خۆی ٢٥ ساڵ لە مەدرەسەی بیارە خزمەتی کردووە و بووەتە موفتی عێراق.
مەدرەسەی بیارە کاریگەرییەکی زۆر گەورە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتیی و ئێران و عێراق هەبووە. وەک زانای گەورە مودەڕیس فەرموویەتی زانایانی ناوچەکە دوای دامەزراندنی مەدرەسەی بیارە پێگەیشتووی خانەقا بوون یان لای مامۆستاگەلێک خوێندوویانە کە دەرچووی مەدرەسەی بیارە بوون.
خانەقای بیارە سەرەڕای ئەوەی هەمیشە ناوەندێکی گرنگە کە لە ڕابردوودا دەیان شاعیر و زانای گەورەی پێگەیاندووە، لەوەتەی دروست بووە خاوەنی کتێبخانەیەکی ناوازەیە کە چەندین کتێبی بەنرخ و گرنگ و سەرچاوەی دەگمەنی تیادایە.
مامۆستا مەحمود یەعقوب باسی لەوە کرد زۆرێک لە زانایانی گەورەی ناوچەکە وەک شێخ قاسم قەیسی کە موفتی بەغدا بووە لێرە پێگەیشتووە، هەروەها شێخ محەمەدی ئەربیلی کە موریدی ئەم بنەماڵە و مەشایەخە بووە، لە میسر تەدریسی زانستی ئیسلامی کردووە و، ئێستا زۆربەی ئیجازاتی زانستی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سەر دەستی ئەو زانا گەورەیە لەو ناوچەیەدا.
وتیشی: "زۆرێک لە زانایانی گەورەی ناوچەکە، بەتایبەتی دوو کەڵە پیاوی زۆر گەورە کە موریدی ئەم بنەماڵە و مەشایەخانە بوون، لە میسر تەدریسی عیلمی ئیسلامییان کردووە کە ئێستا زۆربەی ئیجازاتی عیلمی دەگەڕێتەوە بۆ سەر شێخ محەمەدی ئەربیلی کە بە بەغدادی بەناوبانگە و تەنانەت هی شێخی ئەزهەریش. موفتی ئەنتاکیا کە ئێستا مەشاریخە لە تورکیا، یەکێک بووە لە موریدانی ئەم بنەماڵەیە و، لایەک لە تورکمان سەحرا مورید و ئەندامی خانەقای بیارەن و مورید و پێگەمان لە تورکیا و ئیستانبوڵ، لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە زۆرێک شار و ناوچەکان هەیە".
مەدرەسەی بیارە، بووەتە ناوەندێکی گەورەی زانستیی ئیسلامی کە مێژوویەکی پرشنگداری هەیە لە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و چەندین کەڵە پیاوی ئەو ڕێبازەی پێگەیاندووە.
هەروەها مەحمود یەعقوب باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ شەمسەدینی کوڕی شێخ سیراجەدیندا لەلایەن سوڵتانی ئەوکاتەی عوسمانییەوە چەند تاڵە موویەکی ڕیشی پیرۆزی پێغەمبەری خودا (درودی خودای لەسەر بێت) بەخشراوە بە مەدرەسەکە و تا ئێستاش بەشێوەیەکی شایستە لە مەدرەسەکەدا پارێزراوە.
سەبارەت بە مەنهەجی مەدرەسەکە، مامۆستا مەحمود ئاماژەی بەوە کرد وەکو مەنهەجی دیراسی کە لە کوردەوارییدا بەناوبانگە بە مەلای ١٢ عیلم، قۆناغ و دیراسەکان ساڵانە نییە، بەڵکو دەبێت تەواو بکرێت و مەنهەجەکە ٧-٩ ساڵی دەوێت بۆ تەواوکردنی و کاتێک فەقێ لێرە تەواو بوو هەموو زانستە ئیسلامییەکان فێر دەبێت و دەبێتە مەلایەکی عالم و پیاوێکی ڕۆشنبیر.
یەعقوب ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو زانستانەی لەم مەدرەسەیەدا دەخوێندرێت بریتین لە فێربوونی قورئانیی پیرۆز، تەجوید، عیلمەکانی نەحو و سەرف، پاشان کتێبەکانی عیلمی بەیان و بەلاغە و ئیستیعارە بە فەقێکان دەگوترێتەوە، دواتر فەقێ دەست دەکات بە عیلمی عەقڵی کە خۆی دەبینێتەوە لە عیلمی مەنتق و فیقه دەخوێنێت کە عیلمێکی قووڵە.
ڕێوڕەسمە ئاینییەکان لە خانەقای بیارە تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە خەڵکێکی زۆر لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی دەکەن و بەشدار دەبن تیایاندا.
