گرنگ

تاران و بەغدا حیزبەكانی رۆژهەڵات بێ چەك دەكەن

2023-08-29

 

بوار: هەولێر


پارتی بێدەنگە و یەکێتیش ڕەتیدەکاتەوە ئاگاداری رێككەوتنی عێراق و ئێران بێت


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران و عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ داماڵینی چەک لە هێزە چەكدارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی دیکە لە مانگی داهاتوودا و جەختی لەوە کردەوە، کە تاران درێژکردنەوەی ئەو وادەیە قبوڵ ناکات.


ئەم ڕاگەیاندنەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پرسیاری گەورە دەوروژێنێت، کە ئایا بەغدا پێشوەختە ئەو بابەتەی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی و حكومەتی هەولێر باسكردووە، ئایا بەراستی ئێران و عێراق گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران ناچار دەکەن چەکەکانیان ڕادەست بکەن و ئەندامەکانی بگوازنەوە بۆ شوێنەکانی تر؟


ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە چەکداماڵینی چەك لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی تاران لە سەر خاكی وڵاتەكەی.


ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بارەگاكانی گروپەکان لە چۆڵدەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان، وەک ئەوەی حکومەتی عێراق پلانی بۆ داناوە، تا نۆزدەی ئەیلول (19/9/2023)، بەبێ ئەوەی دیاریبكات ئەو شوێنانە كوێن و بۆ كوێ‌ دەگوازرێنەوە.


وتەبێژی ئێران جەختی لەوە کردەوە ، ئاسایشی ناوچەكە بۆ ئێران گرنگە و راشیگەیاند، ئێمە پابەندین بە چەسپاندنی ئاسایشی سنوورەكان و دوای ئەو وادەیە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی ئێران بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێدەکەین، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەبارەی ئەوەشە بخاتەڕوو.


لە ساڵانی ڕابردوودا ئێران چەندین جار بارەگای پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی بۆردومان کردووە، کە دەیان ساڵە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بارەگایان هەیەو جێگیربوون.


تاران ئەو گرووپانە بە ڕێکخراوی “تیرۆریست” دەزانێت و تۆمەتباریان دەکات بەوەی، چەک لە عێراقەوە بە قاچاخ دەبەنە وڵاتەكەی، هەروەها بە هاندانی ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەش دەیانزانێت، كە لەماوەكانی رابردوو ئێرانی هەژاندووە، بەتایبەتی دوای مردنی ئەو ژنە گەنجە کوردە ئێرانییە بە ناوی مەحسا ئەمینی، لە ١٦ی ئەیلوولی .٢٠٢٢.


لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا، ئێران گرووپە چەکدارە کوردییەکانی هەرێمی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشێکی پووچەڵکراو بۆ سەر دامەزراوەیەکی سەربازی لە شاری ئیسفەهان، لە ناوەندی ئەو وڵاتە.


لەو کاتەدا ئاژانسی نوور نیوزی سەر بە دەزگای باڵای ئەمنی ئێران ڕایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووک و تەقەمەنیانەی، کە لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون، لە هەرێمی كوردستانەوە بە فەرمانی دەزگایەکی هەواڵگری بیانی بە قاچاخ هێنراونەتە ناو ئێرانەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ هەواڵگری ئیسرائیل.


ئەم ڕووداوە دوای کەمتر لە دوو مانگ لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێم هات، كە بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كردە ئامانج و بەو هۆیەوە چەند كەسێك بوونە قوربانی.


مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو، عەلی شەمخانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  كۆبووەوە، كە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان هەردوولا بوو، لە کاتی سەردانەکەشدا هەردوولا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لەسەر ئاسایشی سنوورەکان واژوو کرد.


حکومەتی عێراق ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە ڕاگەیەندرا، لەو بارەشەوە بەسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران واژووەکرد، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران و ڕادەستکردنی کەسانی داواکراو و چەکداماڵین و دوورخستنەوەی کەمپەکان لەسەر سنووری هەردوو وڵات و جەختی لەوەش كردەوە، بەغدا بەڵێنی خۆی جێبەجێدەكات.


عەوادی راشیگەیاند، گرنگترین بنەمای سیاسەتی دەرەوە ئەوەیە، کە عێراق نابێت لایەنێک بێت بۆ زیانگەیاندن بە دراوسێکانی، ئاماژەی بەوەشکرد، سەروەری عێراق پێویستی بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی هەیە بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق لە هەر دەستدرێژییەک.


هاوكات ڕاوێژکارێکی ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە، تاران داوای گواستنەوەی گروپە ئۆپۆزسیۆنە ئێرانییەکانی کردووە بۆ کەمپی ئاوارەکان.


لە بەرانبەر ئەو بەیاننامەیەی ئێران و دووپاتکردنەوەی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی تائێستا بێدەنگە، هاوکات یەکێتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی دووپاتیدەكاتەوە، هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەقی ڕێککەوتنەکە نییە.


لەو بارەوە غەیاس سورچی، كادری باڵای یەكێتی دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو ناوچانەی کە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن تێیدا ئامادەن ناوچەی نفوزی یەکێتین، ئێمە لە دەرکردنی گرووپە ئێرانییەکان ئاگادار نەکراینەتەوە.


سورچی راشیگەیاند، تا ئێستا لایەنە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە شوێنی خۆیانن، بەڵام بەدوور نازانم شوێنەکانیان بگۆڕن و بۆ ناوچەکانی دوور لە کەرتی سنووری لەگەڵ ئێران دەکشێنەوە.


چاودێران پێیان وایە، بێدەنگیی پارتی ئاماژەیە بۆ زۆر شت لەڕووی ئەوەی، کە ئاگاداری دەقی ڕێککەوتنەکەیە و ڕەنگە ڕەزامەندی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە داوە، ئەوەش بەهۆی ئەو گەمارۆ داراییەی بەغدا بە ئاماژەی تاران خستوویەتییە سەر هەولێر.


ماوەیەكە ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دواخستووەو ئەوەش بە گەمارۆیەكی عێراق بۆ سەر هەرێم دەزانرێت و چاودێران پێیانوایە، ئێران بەغدای ناچاركردووە، هەنگاوێكی لەو شێوەیە بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی هەولێر بەو رێككەوتنە ئەمنییە رازی بێت و هەماهەنگی هەردوولاش بكات.


چاودێران ئاماژە بەوەش دەکەن، کە بوونی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی وای لەپارتی كردووە بەهەنگاوەكە رازی بێت و دواتریش ئەو حیزبە تۆمەتبار بكات بە پاڵپشی ئەو هەنگاوەی تاران و بەغدا.


چاودێران  ئەوەش دەڵێن: ئێستا یەکێتی لەبەردەم دووڕیانێكدایە، لە لایەک نایەوێت ئێران توڕە بکات، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵدا هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ناچار بكات چەكەكانیان تەسلیم  بكەن و گواستنەوەی بارەگاكانیان قبووڵ بكەن، كە ئەمەش لەڕووی جەماوەرییەوە كاریگەری لەسەر ئەو حیزبە دادەنێت و رەنگە هەڵمەتێكی گەورەی میدیایی لەدژ بەرپا بكرێت.


بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color