بوار:
کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی وادەی راگەیاندنی ئایفۆن 15ی ئاشکراکردو رایگەیاند، لە 12ی مانگی داهاتوو لە مەراسیمێكی تایبەتدا شێواز و رەنگ و تایبەتمەندییەکانی ئەو نەوە نوێیەی مۆبایلی ئایفۆن و زنجیرەیەك بەرهەمی تر رادەگەیەنین.
كۆمپانیاكە راشیگەیاند، كە مەراسیمی راگەیاندنی ئایفۆن 15 لە بارەگای سەرەکی لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا دەبێت، كە كاتی نمایشەكە رۆژی 12ی ئەیلول سەعات 8ی شەو بەكاتی هەولێر دەبێت.
کۆمپانیای ئەپڵ ئەوەشی راگەیاندووە، مەراسیمی راگەیاندنی ئایفۆن 15 لە سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی تایبەت بە خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێوەی راستەوخۆ پەخشدەكات، كە چاوەڕواندەكرێت پێشوازییەکی زۆر لەو نەوە نوێیەی ئایفۆن بکرێت.
بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، ئایفۆن 15 شێوازی بارگاویکردنی بۆ جۆری یو ئێس بی - سی (USB-C) گۆڕاوە، كە یەکەمینجارە ئەو سیستمە لە ئایفۆندا بەکاربهێندرێت، ئەمەش بەهۆی بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، كە كۆمپانیاكانی ئەلیکترۆنییەکانی پابەندكرد بە بەکارهێنانی ئەو شێوازی بارگاویکردنە، وەك هەنگاوێك بۆ رێگری لە پیسبوونی ژینگە.
هەر بەپێی زانیارییەكان کۆمپانیای ئەپڵ گۆڕانکارییەکی دیکەشی لە لەمۆبایلە نوێیەکەی ئافۆندا كردووە، ئەویش گۆڕینی دووگمەی بێدەنگکردن و گۆڕانکاریشی لە لە رووکاری ئامێرەکەدا كردووە.