بوار: كەركوك
بڕیارێکی مام جەلال کاردانەوە لای پارتی دروست دەکات
دۆسییەی بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک گەرمیانی پارتی نزیکەی سێ ساڵە لەسەر مێزی دانوستانی نێوان پارتی و لایەنە عێراقییەکانە و پارتی گەڕاندنەوەی بارەگاکەی کردووەتە پێشمەرجی گەڕانەوەی بۆ ناو شاری کەرکوک و ئامادە نەبووە بەبێ ئەو بارەگایە هیچ بارەگایەکی تر وەربگرێتەوە.
مێژووی دروستکردنی ئەو بارەگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲۰۰۷ کاتێک وەزارەتی دارایی ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەکی نەگرتبووەوە و هەر ئیدارەو لای خۆیەوە بڕیاریدا، بڕی پەنجا ملیۆن دۆلار بۆ کەرکوک تەرخان بکاتو کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجامبدەن.
ئەوكات ئیدارەی پارتی لیژنەیەکی دروست كرد بەناوی لیژنەی باڵای ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک و لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەکە بڕیاردرا، سەنتەرێکی ڕۆشنبیری بۆ کەرکوک دروست بکرێت و لەگەڵ دروست بوونی گەڕەکی شۆراو لەسەر ڕێگای گشتی کەرکوک هەولێر شوێنێک دەست نیشان بەڕووبەری ۲٥ هەزار مەتر دووجا واتە ۱۰ دۆنم دیاریبكرێت و بینایەکی لەسەر بنیات بنرێت لە سەر پشکی بودجەی تەرخانکراوی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەو ٥۰ ملیۆن دۆلارەی ئیدارەی هەولێر .
بەرپرسێکی پارتی لەشاری کەرکوک، کە خەڵکی ئەو ناوچەیەیە بیناکەی تێدا دروستکراوە بەناوی نەجم کەرکوکی پێشنیازی ئەو شوێنە دەکات و دواتر لەسەر بنەمای پێشنیازەكەش بیناكە دروست دەكرێت.
لە ساڵی ۲۰۰٦ مام جەلال سکرتێری ئەو کاتی یەکێتی بڕیاریدا، سەنتەرێکی گەورەی ڕۆشنبیری بۆ کەرکوک دروستبکات، کاتێک بەرپرسانی پارتی دەزانن ئەو سەنتەرەی جەلال تاڵەبانی بڕیاری لێداوە دروست بکرێت زۆر گەورەترە لەسەنتەرەکەی پارتی و ئیدارەی هەولێرو دوای ئەوەی لەسەر بڕیارەکەی تاڵەبانی سەنتەری ئێستای ڕۆشنبیری کەرکوک لەسەر ڕێگای کەرکوک سلێمانی دروست دەکرێت، بەڵام پێدانی بیناکە بە ڕۆشنبیری ڕادەگرن و بیناکە بەچۆڵی دەمێنێتەوەو ڕازی نابن تەسلیمی ئیدارەی کەرکوکی بکەن و دواتر لەدوای دروست بوونی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوک گەرمیانی پارتی لەساڵی ۲۰۱۱ لەسەر داوای سەڵاح دەلۆ، کە بەرپرسی ئەنجوومەنەکە بوو ئەو بینایە دەکرێتە بارەگای ئەنجوومەن و تا ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ و بۆ ماوەی نزیکەی ۷ ساڵ بارەگای پارتی دەبێت و دواتر فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلەی سوپای عێراق و لیوای دووی دژە تیرۆری عێراق هەریەکەیان بۆ ماوەیەک وەک بارەگا بەکاریدەهێنن و دواتر دەکرێتە بارەگای سەرەکی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق لە پارێزگای کەرکوک .
بیناکە لەسەر زەویەک بنیاتنراوە لەبنەڕەتدا زەوی جوتیارانی کوردی گوندی شۆراوە و پێشتر حکومەتی عێراق دەستی بەسەردا گرتبوو، هەروەها خستوبوویە سەر وەزارەتی دارایی و کۆمپانیای نەوتی باکوورو زەوییەکەش ئێستا کەوتووەتە سنوری شارەوانی کەرکوک و بە کەرتی ۱۹ی گورگە ناونراوە و لەسەر وەزارەتی دارایی ماوە و جگە لەوەی بیناکە بەپارەی حکومەتی هەرێم ئیدارەی هەولێر دروستکراوە دواتر لەبودجەی پارێزگای کەرکوک لە ۲۰۱٨ نۆژەنکراوەتەوە و جگە لەپارتی ئیدارەی کەرکوکیش داوای دەکات