بوار: كەركوك
پێشبینی گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەكانی پارێزگای كەركوك دەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو رووداوانەی لە شارەكە لە چەند رۆژی رابردوو روویدا.
محەمەد بەیاتی پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند، کەرکوک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هەلومەرجێکی ئاڵۆزدا تێپەڕی، هێزە ئەمنییەكانیش رووبەڕووی تەحەدای گەورە بوونەوە، بەڵام بڕیاری بوێرانەی بەغدا كۆنتڕۆڵی دۆخەكەی كردو رێگری لە زیادبوونی گرژییەكان كرد.
محەمەد بەیاتی راشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری لە ئاستی یەکەمی پۆستە ئەمنییەکان لە کەرکوک بکرێت لەبەر سێ هۆکار، کە دیارترینیان ئەوەیە بەرپرسە ئەمنییەکان ئەرکی سەپاندنی ئاسایشیان لەسەرە، و نابێت هەندێک لە ئەفسەرەکان وەلای سیاسیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر دۆخێکی ئەمنی بەسیاسی بکرێت خزمەت بە کەرکوک ناکات، بۆیە جەختیشیکردەوە ئەو بەرپرسانە دووردەخرێنەوە، كە رۆڵیان لەوەدا هەبووەو كاریگەرییان لەسەر دۆخی شارەكەش داناوە.