گرنگ

بکوژێک لە قەڵادزێ سێ کەسی کوشت، لە نزیک شەقڵاوە دەستگیرکرا

2023-09-12

 
دەقی ڕاگەیاندراوی پۆلیسی ڕاپەڕین سەبارەت بە دەستگیرکردنی بکوژی سێ هاوڵاتی:
دوای ئەوەی لە شەوی پێنج شەممە بەرواری ٧ /٩ /٢٠٢٣ لە قەڵادزێ ٣ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران، دەست بەجێ بەهاوبەشی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین/ بەشی پشدەر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەست کرا بە ڕێکاری یاسای بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد و زانیاری ورد و دروست لە ڕوداوی کوشتنەکە کۆکرایەوە. بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری بەرێز دادوەر بەدەست هات بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار و دەستگیر کردنی بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادان.
لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری کردن لە ئەنجامدا تواندرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت.
دوای ئەوەی کە بکەری سەرەکی کوشتنی ٣ کەسەکەی قەڵادزێ ناسنامەی ئاشکرا کرا، بۆ ئەو مەبەستە شوێنی تۆمەتبارەکەش دۆزرایەوە و کە بەپێێ زانیاریەکان دەرکەوت تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە ڕای کردووە بۆ دەروەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین. زانیاریە دروستەکان دەریانخست تۆمەتباری سەرەکی دوای ئەنجام دانی تاوانی کوشتنەکە ڕای کردووە بۆ سنوری کۆڕێ سەربە قەزای شەقڵاوە لە ماڵێک خۆی حەشار داوە.
بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری تەواو و دروست لەسەر ناوی سیانی تۆمەتبارەکە و شوێنی تۆمەتبارەکە و ئەو ماڵەی تۆمەتبار خۆی تیادا حەشار دابوو درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم و وە هەریەک لە بەڕێزان بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی جوڵانەوە و تاوانی پۆلیسی گشتی هەرێم.
بۆ مەبەستی دەستگیر کردنی تۆمەتباری سەرەکی بکوژی ٣ کەسەکەی قەڵادزێ دوای ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ناسنامەی تۆمەتبار و شوێنی خۆحەشاردانەکەی درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنورەکە تواندرا تۆمەتباری سەرەکی بکوژی ٣ کەسەکەی قەڵادزێ دەستگیر بکرێت. تۆمەتبارەکە ناوی (ق،هـ،ع) لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٤ پیشەی پێشمەرگەیە.
لە ئێستادا چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی شوێنی ڕوداوەکە وە بۆئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە ئێمە وەک هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لە سنورەکە هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی راپەڕین دڵنیادەکەینەوە کە هیچ تۆمەتبارێک ڕزگاری نابێت لە دەست یاسا و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش چ لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بێت یان لە دەرەوەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین.
لێرەوە دەمانەوێ زۆر سوپاسی هێزەکانی پۆلیسی هەولێر/ کۆڕێ و ئاسایشی سنورەکە بکەین لە دەست گیرکردنی تۆمەتبارەکە. زۆر سوپاسی ئەفسەران و کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین دەکەین بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان لە کۆکردنەوەی زانیاریەکان و بەدواداچوونی ورد لەسەر ڕوداوی کوشتنەکە. سوپاسی هەموو ئەو لایەن و کەسایەتیانە دەکەین کە زۆر هاوکاری هێزەکانمان بوون بە پێدانی زانیاری دروست لەسەر ئاشکرا کردنی ناسنامەی تۆمەتبارەکە و شوێنی خۆحەشاردانەکەی. دووبارە سوپاسیان دەکەین.
ڕاگەیاندنی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color