گرنگ

دەستگیرکردنی کاروانی شارەوانی، لەسەر گۆرانی وتن بووە بەسەر لاهور شێخ جەنگی؟

2023-09-12

 
شەوی رابردوو هونەرمەندی میلی کاروان شارەوانی لە دانیشتنێکی گۆرانی گوتندا بە برینداری دەستگیرکرا.
 
بەپێی وتەی برایەکی کاروان شارەوانی، ئەو هونەرمەندە میللییە لەدانیشتنەکەی شەوی رابردوودا بەند و گۆرانی بەسەر لاهور شێخ جەنگیدا وتووە.
 
بەپێی گێڕانەوەی ئارام شارەوانی، برای کاروان شارەوانی، لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو کەسانەی لەو باخەدا تەقەیان کردووە، کاروان شارەوانی لەبەر زۆری تەقەکان هەڵهاتووە و کورەکەشی لەگەڵدابووە، لە ئەنجامدا کەوتووە و ئەژنۆی سوڕاوە. کاروان شارەوانی بە هەر نرخێک بێ خۆی دەگەیەنێتە ناو شارۆچکەی چەمچەماڵ.
 
ئەو برایەی کاروان شارەوانی کاتێک هەواڵەکە دەبیستێت، دەچێت بە هاواری براکەیەوەو خۆی دەگەیەنێتە شارۆچکەی چەمچەماڵ و براو برازاکەی دۆزێتەوە.
 
بەڵام کاتێک بەم دۆخەوە کاروان شارەوانی دەبینێت و بریندارەو قاچێکی سوڕاوە بە خێراییەکی زۆرەوە خۆی دەگەیەنێتە نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی. لەو نەخۆشخانەیە دەیانەوێت تیشک بۆ قاچی ئەو هونەرمەندە میللییە بکەن، بەڵام پزیشکی تایبەتمەند لەوێ نابێت و کارمەندەکانی نەخۆشخانەی بەخشین ڕێنماییان دەکەن کە کاروان شارەوانی بگەیەننە نەخۆشخانەی سمارت.
ئەوانیش دەکەونە ڕێ بۆ نەخۆشخانەی سمارت، لە ڕێگادا هێزێکی دەمامکدار ڕێگەیان پێدەگرن و دەستگیریان دەکەن.
 
بەوتەی ئەو برایەی کاروان شارەوانی کە لەو کاتەدا لەگەڵ براکەی بووە، ئەو هێزە ئەمنییە مامەڵەیان زۆر خراپ بووە لەگەڵ کاروان شارەوانی و قاچی کاروان شارەوانییان ڕاستکردووەتەوەو ئەویش ئازارێکی زۆری پێگەیشتووەو لەتاو ئازاری خۆی زۆر هاواری کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ئەو باخەی شەوی رابردوو دانیشتنەکەی تێدا ئەنجامدراوە، باخی مەریوان کەریم تۆفیق بووە کە زاوای موراد کانی کوردەییە.
 
موراد کانی کوردەیی، کەسێکی سەربازی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بوو. لە ئێوارەی رۆژی 25ـی نۆڤێمبەری 2021، لەگەڵ سێ لە پاسەوانەکانی لە نێو سەنتەری رانیە لەلایەن هێزێکی ئەمنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە تەقەیان لێکرا و گیانیان لە دەستدا.
 
لە ئاهەنگەکەدا هونەرمەندانی میللی کاروان شارەوانی و ئەحمەد سەنگاوی و هەڤاڵ چەمچەماڵی گۆڕانیان وتووە. لە کاتی وتنی گۆرانییەک لە لایەن کاروان شارەوانییەوە لەسەر یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی، ئەو کەسانەی لە ئاهەنگەکە بەشدارییان کردووە تەقەیەکی زۆریان کردووەو دەوترێت بارەگایەکی هێزەکانی کۆماندۆ لە نزیک ئەو باخە هەیەو هێزەکانی کۆماندۆ گومانیان هەبووە تەقەکردنەکان وەک سوکایەتی و گاڵتەکردن بێ بەو هێزانە.
 
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی هێزەکانی ئۆپڕاسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، بەفەرمانی دادوەر هێزەکانیان هەڵیان کوتاوەتە سەر ئەو باخەو بەشێک لە تەقەکەرەکانیان دەستگیرکردووە. بەڵام خاوەنی باخەکە کە کەسێکی سەربازییەو نزیکە لە یەکێک لە بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی، خۆی و پاسەوانێکی ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوەو دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لە دەست ئەو هێزانە، بەڵام هێزە ئەمنییەکە ٦ لە تەقەکەرەکان دەستگیر دەکەن.
 
کاروان شارەوانی چەند خولەکێک بەر لە دەستگیرکردنی ئەوەی بۆ براکانی باسکردووە کە لە دانیشتنەکەدا چەند جارێک بە گۆرانی یادی لاهور شێخ جەنگییان کردووە، بەڵام ناوی بافڵ تاڵەبانیشیان هێناوە.
 
دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەسەر ڕووداوەکە بڵاوکراوەیەکی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت ”هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەسەر ئەو رووداوە ( ٦ ) تۆمەتباری تەقەکەریان دەستگیرکردووە.
 
باس لەوەش کراوە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون پێشینەی تاوانیان هەبووە و دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەکی بێ مۆڵەت و سەدان فیشەک و هەشت (صمامی) گولەی هاوەن.
ئاماژە بە ئەوەش کراوە، لە کاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە چەک ڕووبەڕوی هێزەکانیان بونەتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color