کوڕی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە کۆلێژی سەربازی شاهانەی بەریتانیا دەخوێنێت
ئارین مەسرور بارزانی، لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی و هاوڕێیەکی بڵاو کردووەتەوە لە بەریتانیا بە جلوبەرگی سەربازییەوە. کە بەرگی سەربازی خوێندکارانی تازە وەرگیراوە لە کۆلێژی سانت هێرستی سەربازی کە کۆلێژی سەربازی شاهانەی بەریتانیایە و بەرزترین کۆلێژی سەربازی بەریتانیایە.
ئەم کۆلێژە لە بیست ساڵی ڕابردوو شوێنی شازادەکانی کەنداو بووە. کوڕی میرەکانی ئیمارات و سعودیەو قەتەر و بەحرێن تا شازادەی جێنشینی ئێستای ئەردەن لە دەرچوانی ئەم کۆلێژەن و ئێستاش دەیان شازادەی کەنداو لە کۆلێژەکەن.
خواستی کۆلێژەکەش بەو شێوەیەیە لە دەرەوەی بەریتانیا منداڵی سەرکردەو کەسانی کاریگەر وەربگرێت. بەهۆی زۆری تێچووی خوێندن لەو کۆلێژە تەنها کوڕی سەرۆک و میرو شازادەو کەسانی سەرمایەدار دەتوانن ئەو کۆلێژە هەڵبژێرن بۆ خوێندن.
تێچووی کۆرسی یەک ساڵ خوێندن لەو کۆلێژە ۲۲۰ هەزار دۆلارە، ئەو پارەیە بەرامبەر کۆرسێکی ٤٤ هەفتەی دەدرێتە کۆلێژەکە.
ئارین مەسرور بارزانی، کە ساڵی ڕابردوو لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دەرچوو، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە لەسەری نوسیوە ”قۆناغێکی نوێ”، وەک ئاماژەیەک بۆ وەرگیرانی لەو کۆلێژە.