بوار، بەغدا
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە ساڵی داهاتووەوە لە ڕێگەی بەستنەوەی پرۆسەی حەواڵەکردن بە پرۆسە نێودەوڵەتیەکانەوە عێراق ڕێڕەوی نەختینەی ڕێکدەخاتەوە.
عەلی عەلاق ڕاشیگەیاند، لە ڕێگەی قەدەغەکردنی مامەڵەی دۆلاریشەوە لە ناوخۆ بەهای دینار بەرزدەکەنەوە.
لەبارەی ڕێژەی خستنە بازاڕی دۆلارەوە ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، رێژەی 90٪ـی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ حەواڵەی دەرەکییە، کارەکە زۆر ئاسانە و هەر دۆلارێک بە بەهای هەزار و 320 دینار دەفرۆشرێت، بەڵام کێشەکە لە رێژەی 10٪ـیەکەیە کە فرۆشی رۆژانەی نێوخۆییەو دەبێت ڕێکبخرێت.
دەربارەی رێکارەکان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەکرد، بەنیازین درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی، روپیەی هیندی، یۆرۆی ئەوروپی وەک بەشێک لە رێکارەکانی ئاسانکردنی حەواڵەی دەرەکی بخرێنە نێو پەنجەرەی فرۆشتنی راستەوخۆ، هیندستان بەنموونە تەرازووی بازرگانی لەگەڵیدا دەگاتە سێ ملیار دۆلار، هەروەها هاوردەکردن لەگەڵ ئیمارات و تورکیاش زۆرە."
پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەوەشی راگەیاند، ئەمریکا پێی ڕاگەیاندوون، رێژەی خواستی عێراق بۆ دۆلار سنوردار ناکەن و بانکی ناوەندی دۆلاری پێویستی بۆ هاوردەکاران بە نرخی فەرمی دابینکردوە.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، سیاسەتی نەختینەیش سەرکەوتووبوە لە پاراستنی ئاستی گشتی نرخەکان و رێژەی هەڵئاوسانیش کەمیکردوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی داهاتووەوە بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی یەکجاری لە نێوەندگیری حەواڵە داراییەکان دەکشێتەوەو سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی نوێش دادەمەزرێنێت و پرۆسەی حەواڵەکردن راستەوخۆ پەیوەستی پرۆسە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، ئەو گۆڕانکارییانەش رێرەوی نەختینەیی عێراق راست دەکاتەوە.