گرنگ

داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە نۆ مانگی ئەمساڵدا چەند بووە؟

2023-10-03

 
عێراق لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، 71 ملیار و 150 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری فرۆشتنی نەوتی نۆ مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا لەرێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت "سۆمۆ"ـەوە بڕی 71 ملیار و 150 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە.
 
" بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی نەوت کەمیکردووە"
 
بەراورد بە ساڵی رابردوو، داهاتی فرۆشتنی نەوت کەمی کردووە بەو پێیەی لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بڕی 90 ملیار و 480 ملیۆن دۆلار بووە.
 
هەر بەپێی ئامارەکە، زۆرترین داهاتەکانی ئەمساڵیش لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بووە کە 9 ملیار و 490 ملیۆن دۆلار بووە، کەمترین داهاتەکانیش لە مانگی شوبات بووە کە 7 ملیار و 60 ملیۆن دۆلار بووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، پیشبینییەکان ئەوەیە ئەمساڵ بەهای هەر بەرمیلێک نەوت بگاتە 100 دۆلار و بەو پێیە لە رێگەی زیادەی داهاتی بەدەستهاتوو، عێراق کورتهێنانەکەی لە بودجەی ساڵی 2023 پڕدەکاتەوە.
 
لە یاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی 2023، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی بە 70 دۆلار خەمڵێبدراوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color