بوار: بەغدا
دادگای فیدراڵی دانیشتنی لەسەر سكاڵاكەی یەكێتی نیشتمانی دانیشتنی دادبینی هەیەو ئەگەر ئەگەر دادگا ئەم سكاڵایە پەسەند بكات، ئەوا هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتوو بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت نەك یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەك شەممە دانیشتنی هەیەو بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی ئەوەوە دەدات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە چ یاسایەك بەرێوەبچێت.
ئەگەر دادگا بڕیار بدات بەیاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان بەرێوەبچێت، ئەوە كورسییەكانی پەرلەمان لە (111) كورسییەوە بۆ (105) كورسی كەمدەبێتەوە، هەروەها هەڵبژاردن لەبری (یەك بازنەیی) بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەدەچێت، (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بۆ (5) كورسی تایبەت بە مەسیحییەكان كەمدەبێتەوە.
سكاڵاكە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانتۆماركراوە، لەگەڵ چەند سكاڵایەكی تر یەكخراوە، كە سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمو سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون.
لە سكاڵاكەدا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوەو یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی.
