گرنگ

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بەغدا بەهەر نرخێك نەوت بۆ هەرێم بنێرێت بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشیدەکەین

2023-11-28

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بەغدا بەهەر نرخێك نەوت بۆ هەرێم بنێرێت بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشیدەکەین
بوار: هەولێر
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانى هەرێم رایگەیاند، لەلایەن بەغداوە بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانى هەرێم لە روونکردنەوەیەک ئەمرۆ سێ شەممە رایگەیاند، پاش ئەوەی لەكۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق كە لە رێكەوتی 12ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو؛ وەزارەتمان جەختی كردەوە لەسەر دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتمان لەمانگەكانی (تەموز و ئەیلول و تشرینی یەكەمی) ئەمساڵ بە سێ نووسراو و بەناردنی شاندی وەزارەتمان داواكاری گەیاندووەتە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بەمەبەستی دابینكردنی نەوتی سپی بەهەمان نرخی عێراق، خۆشبەختانە وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بە پشت بەستن بە داواكاریی و هەوڵەكانی وەزارەتمان داواكاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بۆ ئەنجومەنی باڵای ئابووری حكومەتی عێراق بەرز كردووەتەوە بەمەبەستی رەزامەندی دەربڕین .

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە روونکردنەوەکە هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە لەكاتی دەستپێكردنی ناردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەهەر نرخێك بێت كە دیاری كرا بێت لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتمان بە هەمان نرخ بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر عیزە سابیر بریکارى وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، حکومەتى عێراق بریاریداوە لەمەولا بە نیوەى نرخى پێشوو نەوتى سپى بۆ هاووڵاتیان بنێرێت، کە بۆ هەر لیترێک 250 دینار، کە پێشتر بۆ هەر لیترێک 500 دینارى ئەژمار دەکرد.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color