عێراق کورتهێنانى بودجەى گشتى بە تەواوى پڕدەکاتەوە
بوار: بەغدا
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانیی عێراق ئاشکرایکرد، بە گوێرەى ئەو خەرجیانەى ئەمساڵ کراوە، ساڵى داهاتوو کورتهێنانى بودجەى گشتى عێراق بە تەواوى پڕدەکرێتەوە.
موعین کازمى لە لێدوانێک راشیگەیاند، لەدواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى بودجە، لە وەزارەتى دارایی بۆیان روونکراوەتەوە، کە خەرجییەکانى نیوەى یەکەمى ئەمساڵ ٤٧ ترلیۆن دینار بووە، هەروەها خەرجییەکانى نیوەى دووەمیش ٧٠ ترلیۆن دینار بووە، بۆیە کورتهێنانی بودجە دروست نابێت لەمساڵدا.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیکردەوە، ساڵى داهاتووش ئەو کورتهێنانە نابێت، بەو پێیەى ئەو زیادە پارەى ئەمساڵ هەیە، دەخرێتە سەر بودجەى گشتى ساڵى داهاتوو بەوەش کورتهێنان بە تەواوى لە ساڵى داهاتووش پڕدەکرێتەوە.
بەپێى یاساى بودجەى عێراق، رێژەى خەرجى عێراق بۆ ساڵى 2023 ١٩٩ ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لەو بڕیە تەنها ١١٧ ترلیۆن دینار خەرج کراوە، ئەوەش رێژەى ٥٨٪ی کۆی گشتی بودجەی ئەمساڵە.