گرنگ

ژماره‌ى مەسیحییەكان له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌نده‌؟

2024-02-04

 
چاره‌نووسى كورسى كۆتای مەسیحییەكان به‌ره‌و كوێ؟
ژماره‌ى مەسیحییەكان له‌ هه‌رێمى كوردستان چه‌نده‌؟
تەنیا لایەنە توركمانییەكان نین كە دژی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانن بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، هەندێك لە لایەنە مەسیحییەكانیش دژی ئەم دابەشكردنەن. كە بڕیارە دادگای فیدڕاڵی بە پشت بەستن بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992 كورسیییەكان بەسەر ناوچە جیاوازەكان دابەشی بكات.
(جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كردبوو، سەرسوڕمانی خۆی لە سكاڵاكەی یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی نیشاندابوو.
ئەم پەرلەمانتارە مەسیحییە ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو پێكهاتەی مەسیحی شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان قبوڵ نییە‌و وتی:" یەكێتیی داوایكردووە هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، وایان دابەشكردووە پێنج كورسیی مەسیحییەكان بەشێوەیەك دابەش بكرێت كە دوو كورسی بۆ سلێمانی، دوو كورسی بۆ دهۆك‌و یەك كورسی بۆ هەولێر بێت".
ئەو پەرلەمانتارە مەسیحییە دەڵێت "لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن و لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە هاتوون، بەڵام لە عەنكاوەی شاری (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە، ناكرێت بۆ 120 خێزان دوو كورسی تەرخان بكرێت‌و لەبەرامبەردا بۆ چوار هەزار خێزان تەنیا لە عەنكاوە یەك كورسی تەرخان بكرێت، جگە لە قەزاكانی شەقڵاوەو كۆیە كە ژمارەیەكی زۆر مەسیحی لەوێش هەن".
بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لە ناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین.
رێژەی 67%ی مەسیحییەكانی عێراق كلدانی كاسۆلیكن، كە كلێساكانیان لە ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەكاندا پەیڕەوی نەریتی خۆرهەڵاتی دەكات، بەڵام دان بە دەسەڵاتی پاپای ڤاتیكاندا دەنێت، ئەمە لە كاتێكدایە رێژەی 20%ی مەسیحییەكانی عێراق سەر بە كلێسای ئاشورییەكانن. كە لە كۆنترین كلێساكانی عێراقە، ئەوەی دەمێنێتەوە سەر بە سریانی ئۆرسۆدۆكس‌و سریانی كاسۆلیك‌و ئەرمەنی كاسۆلیك‌و ئینجیلییەكان‌و پرۆتستانت-ن.
مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستان جگە لە (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، پۆستێكی وزاریشیان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا پێدراوە كە پۆستی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنەوە (ئانۆ جەوهەر) لە پۆستەكەدا دانراوە.
"كۆتا"ی پێكهاتەكان لەبەردەم دادگادا
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دواین دانیشتن لە بارەی ئەو سكاڵایە بەڕێوەده‌بات كە یەكێتیی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماریكردووە.
به‌پێى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى نابێته‌ هۆكارى كه‌مكردنه‌وه‌ى پێنج كورسى كۆتایى مه‌سیحییه‌كان، به‌ڵام ئه‌و كورسیانه‌ به‌سه‌ر هه‌ر چوار بازنه‌كه‌ دابه‌ش ده‌بێت دوو كورسى بۆ بازنه‌ى هه‌ولێر و دوو كورسى بۆ بازنه‌ى دهۆك و یه‌ك كورسیش بۆ بازنه‌ى سلێمانى
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color