یۆگا چییە؟
"کارما، بەرئەنجامی ئەو کارەی دەیکەین وەری دەگرینەوە"
بوارنیوز، هەولێر
یۆگا وەرزشێکی دەرونییە، یەکەمجار لەھیندستان و لەلایەن پەیڕەوانی ئایینی ھیندۆسەوە بناغەی دانراوە، یۆگا ھەزاران ساڵە بونی ھەیە.
هیوا عبداللە، مامۆستاو راهێنەری یۆگایە، لەسەنتەری هەژان بۆ ڕۆشنبیری یــۆگــا، ماوەی ١٨ ساڵە خاوەنی سەنتەرێکی تایبەتی یۆگایە، ماوەی هەشت ساڵە خولەکانی یۆگا بەرێوەدەبات، هیوا دەڵێت "لەماوەی ژیانمدا چەند مامۆستایەکی گەورەی یۆگام ناسیوە، یۆگا بۆ گەیشتنە بەسەرچاوەی ئارامی، بۆ هۆشیاری و بەئاگابون، دەرونێکی ئارام، لەشێکی هاوسەنگ، هزرو بیری ئازاد، یۆگا کلتورێکی کۆنی هیندییە بە یەکێک لەقوتابخانە فەلسەفیەکانی هیندستان دادەنرێت، لەلایەن هیندییەکان وەک یەکێک لەخوی ڕۆحی و خۆ بەرزکردنەوە بۆ ئاستێکی باڵا بەکارهاتوە بۆیە بەپێویستییەکی ڕۆحی و خاڵی پەیوەندی بۆ عەقڵ و جەستەو ڕۆح دادەنریت، یۆگا دەستەواژەیەکی سانسکریتی یە، چەند مانایەکی هەیە، لەوانە بەگرێدان، لینک، تێکەڵبون، گەیشتن، هاوسەنگ بون هاوشێوەی زاراوەی یەکگرتن و بەندکردن لەخۆ دەگرێت، مانای تەواوی وشەکە یەکبونە، یۆگا، ناوێکی گشتییە بە هەر سیستەمێکی عەقڵی - فیزیکی تەواو بێکەم و کورتییە، ئەزمونی ڕۆحی تێدا پێش دەکەوێ و دەبێتە هۆی یەکگرتنی ڕۆحی تاک بە ڕۆحی گشت.
ئەم ڕاهێنەرە باس لەمێژوی یۆگا دەکات و دەڵێت "مێژوی یۆگا تا ئێستا رون نەبوتەوە کەیەو دەگەرێتەوە بۆ کەی بەڵام دەتوانین بڵێین هەر لەوکاتەی مرۆڤ هەست بە دابڕان و نامۆبونی خۆی کرد. یۆگا سەری هەڵداو بوە هۆی ئاشنابوەنەوەی مرۆڤ بەسەرچاوەکەی خۆی، دەتوانین بڵێن هەر لەسەرەتاوە کاتێک ئادەم هەستی بە دابڕانکرد خودا یۆگای وەک دیاریەک بەخشی بە ئادەم، یۆگا حیکمەت و دانایی بە مرۆڤ دەبەخشێت و بەدوری دەگرێت لەتەنگی و توندڕەوی ئاینی، ڕێگەی دەدات کە ڕەزامەند بێت لەو ژیانەی کەهەیەتی بەجەستەو بە ڕۆح، لەجیهان وەک وەرزشێکی سودبەخش بۆ جەستەو عەقڵ و ڕۆح، دور لەهەر جیاوازییەکی فیکری بەکاری دەهێنێت لەشێکی تەندروست و بیرو هزرێکی تەندروست و ئاگاییەکی فراوانت پێدەبەخشێت لەژیان ئازادت دەکات، دەتگەیەنێتە ئەوەی خۆت دکتۆری خۆت بیت و خۆت خاوەنی بیری خۆت بیت خالی دەبیت لە ڕق و ئیرەیی و خۆپەرستی.
هیوا گوتیشی "یۆگا بۆ هەمو کەسێکەو هەمو ئاستێک و هەمو رەگەزێکە بۆیە هەمو دەتوانین یۆگا بکەین، بەڵام هەمو کەسێک ناتوانێت ببێتە یۆگی بۆیە کاتێک دەتوانی ببێتە یۆگی کە هەمو ئەوەی لەیۆگادا هەیە لەناو خۆتەوە رەنگ بداتەوە، بۆیە کەسانیکی زۆر هەیە. یۆگا دەکەن بەس مەرج نیە یۆگی بن، لەجیهاندا لەنێو شاخ و چیاکانداو لەناو گشت وڵات و شارەکاندا سەدان قوتابخانەو زانکۆ هەیە بەملیۆنان فێرخوازییان هەیە ژمارەیان نادیارە، بۆیە ئامارێکی دیاری کراوی ئەو کەسانە نییە کە یۆگا دەکەن.
ئەم مامۆستایەی یۆگایە باس لە کارما دەکات و دەڵێت "کارما، وشەیەکی سانسکریتی هیندییە، واتا کاری من و کاردانەوەی ئەو کارەی تۆ ئەنجام دەرێت یۆگا سەدان بەش و رێگای هەیە وەک (هاتا یۆگا، جنانە یۆگا، باکتهی یۆگا، ئاشتانگاه یۆگا، کارما یۆگا) کەبەگوێرەی مرۆڤەکان دەتوانی پەیرەوی بەشکی بکەیت و لەو گەشتەی ژیان بگەیتەوە بە بناغەو سەرچاوەی خۆت، زۆرینەی یۆگاییەکان بڕوایان وایە ئەوەی لەم ژیانەدا دێتە ڕێیان کاری ژیانی پێشومانە، بەڵام لەراستیدا وانیە هیچ ژیانێکی پێشو نیە کارما ئیش دەکات لەژیانی ئێستاماندا لێرەو لەم ژیانەدا بەر ئەنجامی ئەو کارەی دەیکەین وەری دەگرینەوە، ڕونتر بڵێم، ئێمە خۆمان دەتوانین ژیانی خۆمان دیاری بکەین بەکارەکانمان کە ئەنجامی دەدەین، جا ئەو کارە لەیاسای گەردون باشبو ئەوا ژیانمان باش دەبێت خراپش بو خراپ وەردەگرین، کەوابو تۆ داڕێژەری ژیانی خۆتی لەگەڵ دەرککردن بەکارما دەتوانی ژیانت بە ئاڕاستەیەکی جوانتر پاکتر ببەیت و ژیانت رۆشن بکەیت.