لە دادگایەکی ئەمریکا، سکاڵا لە دژی ئەندامانی بنەماڵەی مەسعود بارزانی تۆمار دەکرێت
کێ ڕێگەی نەدا سکاڵا لە دژی نێچیرڤان بارزانی تۆمار بکرێت؟
بۆچی هیچ سکاڵایەک لە دژی بنەماڵەی تاڵەبانی تۆمار نەکراوە؟
#بوار
ژمارەیەک هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ژمارەیەک کەسی بیانی، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە دادگاکانی ئەمریکا چەندین سکاڵای یاساییان لەسەر ئەندامانی خانەوادەی مەسعود بارزانی تۆمارکردووەو ناوی ئەندامانی خانەوادەی بارزانی وەک تۆمەتبار هاتووە.
ئەو هاوڵاتیانە کە دانیشتووی وڵاتانی بیانین و لەو وڵاتانە بەوە ناسراون کە بە چاڵاکییەکانیان دژایەتی بنەماڵەی بارزانی دەکەن لەو وڵاتانە. بانگەشەی ئەوە دەکەن لەسەر چەندین دۆسیەی جیاواز سکاڵایان تۆمارکردووەو ئەو ڕووداوانەی لە دۆسییەکاندا وردەکارییەکانیان خراوەتەڕوو ئەو تاوانانەن کە لە دوای ڕاپەڕین تا ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوەو نزیکەی ٥٠ بەپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە تۆمەتبارکراون.
ئەو هاوڵاتیانە بانگەشەی ئەوە دەکەن تەواوی دۆسییەکەیان ٣٥٠ لاپەڕەیەو گوایە چەندین پارێزەری بیانی بەشێوەیەکی خۆبەخش کار لەسەر ئەو دۆسییانە دەکەن.
لە هەرێمی کوردستانیش تەنیا فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری پێشووتری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی بۆ دەستخۆشیکردن لە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایانە لە شاری سلێمانی ڕێکخست.
ئەو کەسانەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە لە لایەن ئەو هاوڵاتییە کوردانەوە، ئەندامانی خانەوادەی مەسعود بارزانی و ئەو کەسانەن کە بە نزیک لە ئەوان هەژمار دەکرێن. بیانوی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم ئەوە گوایە ئەو کەسانە بەرپرسن لەو تاوانانەی کە ڕوویانداوە لە هەرێمی کوردستان یاخود لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا تاوانەکان ڕوویانداوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو دۆسیەیەدا، نێچیرڤان بارزانی و ئەو کەسانەی ئێستا لە سەرۆکایەتی هەرێم بەرپرسیارێتییان هەیە هیچ سکاڵایەکی لەسەر تۆمار نەکراوە. لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو تاوانانەی لەو سکاڵایانە دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە لەو کاتە ڕوویانداوە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم بووە.
لە دۆسییەی ئەو سکاڵایانەدا هیچ سکاڵایەک لەسەر بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمار نەکراوە. لە کاتێکدا لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوو یەکێتی و پارتی هاوبەشی یەکتر بوون و لە زۆر وێستگەدا هاوپەیمانی یەکتر بوون. ئەمە جگە لەوەی دەیان تاوان هەیە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی ڕوویانداوەو بەرپرسانی ئەو حیزبە لێی بەرپرسن بەڵام لە دۆسییەکاندا باسیان نەکراوە.
ئەو هاوڵاتییە کوردانە بانگەشەی ئەوە دەکەن هەر کاتێک ئەو کەسانەی لە دۆسییە جیاوازەکاندا سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە گەشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەن، دەبێ لە دادگاکانی ئەو وڵاتانە وتەیان لێوەربگیرێت لەسەر ئەو دۆسیانەو بەرگری لە خۆیان بکەن لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان.
