گرنگ

محەمەدی حاجی مەحمود، عەبدوڵای برای و زاوای لە حزبەكەی دەركردوو

2024-02-18

 

 ئەمڕۆ جارێكی دیكە كێشەكانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتیری پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و عەبدوڵای برای كە جێگریەتی، قۆناغێكی نویی بەخۆیەوە بینی و محەمەدی حاجی مەحمود، عەبدوڵای برای لە حزبەكەی دركردووە و زاواكەشیان كە بەرپرسی دەزگای پێشمەرگە خانەنشینانەكان بوو، لە حزب دەركردووە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی تایبەتی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە بوار دراون ئەوەخراوەتەڕوو، لەدوای دروستبوونی ناكۆكییەكانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵای برای، ئەمڕۆ محەمەدی حاجی مەحمود بڕیاری دەركردنی عەبدوڵای برای لە حزبەكەی راگەیاندووە و بەدواشیدا بڕیاری دەركردنی سەلاح، كە زاوای محەمەدی حاجی مەحمودە و بەرپرسی دەزگای پێشمەرگە خانەنشینەكانی پارتەكەیەتی ئەویشی دەركردووە. بوار زانیویەتی، هەر ئەمڕۆ هێزێكی تایبەتی محەمەدی حاجی مەحمود لە گوندی گوڵەخانە ڕۆشتوونەتە سەرماڵی سەلاح ی زاوای كاكە حەمە و داوایان لێكردوون كە خانوەكە چۆڵ بكەن، بەڵام پێشمەرگەكانی ناو بیناكە ئامادە نەبوون ئەو بینایە چۆڵ بكەن و چەند تەقەیەكیان بە ئاسماندا كردووە، كاكە حەمەش سورە لەسەر ئەوەی ئەو بینایە دەبێت چۆڵبكرێت و ڕادەستی هێزەكەی بكرێتەوە. بوار ئەوەشی زانیوە، كە خوشكێكی محەمەدی حاجی مەحمود، هەر ئەمڕۆ لە گوڵەخانە ویستوویەتی نێوەندگیری بكات لەنێوان كاكە حەمەو عەبدولای برایدا، بەڵام بە توندی لەلایەن كاكە حەمەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە و دوورخراوەتەوە، بۆیە كاكە حەمە داوای سەرجەم ئەو چەك و كەرەسەتە سەربازی و ئۆتۆمبێل و بیناو كەرەستانە دەكات كە موڵكی پارتەكەیەتی و لای هێزەكەی عەبدوڵای برا و سەلاحی زاوایەتی. هەر لەزانیارییەكانی بوار ئەوەشهاتووە، كە تا ئێستا پێشمەرگەكانی عەبدوڵای حاجی مەحمود، مووچەی مانگی ڕابردویان وەرنەگرتووە، پێشتر مووچەكەیان لای عەبدوڵای جێگری كاكە حەمە وەردەگرت، بەڵام بە هەوڵی كاكە حەمە توانیویەتی مووچەی ئەو پێشمەرگانەش بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، هاوكات داواشی لە پێشمەرگەكانی عەبدوڵای برای كردووە كە بێن مووچەكانیان وەربگرن، بەڵام تا ئێستا ئەو 50 پێشمەرگەیە ئامادە نین مووچە وەربگرن تا لە ژێردەستی كاكە حەمەدا بێت. هەروەها چەند بنەماڵە و كەسایەتییەكی نزیك لە هەردوولا و دانیشتوانی گوندی گوڵەخانە هەوڵیانداوە كە نێوەندگیری بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانیان، بەڵام كاكە حەمە ئامادەی گفتوگۆ نییە، هاوكات عەبدوڵای برای كاكە حەمە پەنای بۆ مەسعود بارزانیش بردووە بۆ ئەوەی نێوەندگیریان بكات، بەڵام مەسعود بارزانیش بە عەبدوڵای ڕاگەیاندووە، كە ئەو پشتگیری كاكە حەمە دەكات و بێهیوای كردووە لە چارەسەركردنی كێشەكانیان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color