پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە پارتێکى ئۆپۆزسیۆنى تورکیایە، براوەی سەرەکی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیایە، لە بەرانبەردا پارتى دادوگەشەپێدانى (ئاکەپە)، کە پارتى دەسەڵاتدارى ئەو وڵاتەیە، تووشى سکستێکى گەورە بووە.
بە گوێرەى ئەنجامە بەراییەکان و جیاکردنەوەى نزیکەى 99.82%ـی دەنگەکان، جەهەپە 37.74ـی دەنگەکانی لە سەرانسەری تورکیا بەدەستهێناوە.
هەر بە گوێرەى ئەنجامەکان، جەهەپە بەهۆى ئەنجامەکانەوە، هەرسێ گەورە شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیری بردووەتەوە، کە ئەمە سەرکەوتنێکى گەورەیە بۆ ئەو پارتەو لە 20 ساڵى رابردوو تۆمارینەکردووە.
لە بەرانبەردا ئاکەپە، کە رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆک کۆمارى تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، 35.49%ـی دەنگەکانى بەدەستهێناوە و لە پلەى یەکەمەوە بووە بە دووەم.
ئەنجامەکان ئەوەش دەردەخەن، کە پارتی رەفا، کە پارتێکى جیابووەوەیە لە پارتەکەى ئەردۆغان، ئەنجامى باشى بەدەستهێناوەو بووە بە پارتی سێیەمى تورکیا و 6.19%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە کوڕەکەى نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکایەتى ئەو پارتە دەکات.
هەرچى پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ە، کە پارتێکى کوردى باکوورى کوردستانە، پلەى چوارەمى گرتووەو توانیویەتى، 5.68%ـی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبهێنێت و لە باکوری کوردستانیش 10 گەورەشارەوانی بردووەتەوە.
هەروەها مەهەپەش، کە پێشتر هاوپەیمانى ئەردۆغان بوو، 4.98%ـی دەنگەکانی تورکیاى بەدەستهێناوەو پارتى پێنجەمى تورکیایە.
بە کۆى گشتیش، ئەنجامە بەراییەکان دەریدەخەن، لە کۆى 81 گەورەشارەوانیی پارێزگاکان، جەهەپە 35 گەورەشارەوانی بەدەستهێناوە، ئاکپارتی 22، دەم پارتی 10 و رەفای نوێش 2 گەورەشارەوانی بردووەتەوە.