سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەنێت، حكومەتی ئێستای هەرێم كەموكوڕی زۆرە و چیتر پێویست ناكات بەم شێوەیە ئینتیقالییە بەردەوام بێت.
بڵیسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بواری راگەیاند، بێگومان دیداری سیڵمانی زۆر گرنگ بوو، چونكە توانی كەسایەتییە سیاسییەكان كۆبكاتەوە، هەروەها نزیكبوونەوەی لایەنەكانیش لە یەكتری، لە وتەكانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش جەختی لە گرنگی پەرلەمان و كاری پەرلەمانی كردەوە، كە ئەمە هەمان دیدی یەكێتییە و هەرێم پێویستی بە پەرلەمانێكی چالاكە.
ناوبراو وتی "بۆ نموونە هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو عێراق و هەڕەشەكردن لەعێراق وهەرێم، پێویست دەكات پەرلەمانێكی كارامان هەبێت تا بتوانێت بڕیاری جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بدات، یان بۆ هەر هەنگاوێكی دیكە".
بڵێسە جەبار فەرمان وتیشی "تائێستا پێمان باشە هەموو لایەنەكان بەشداری هەڵبژاردن بكەن و پێشمان باشە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و حكومەتێكی نوێ پێك بهێنرێت، چونكە ئەم حكومەتەی ئێستا هەیە كەموكوڕی زۆری هەبووە و لەئاستی پێویستدا نەبووە و چیتر پێویست ناكات حكومەت بەم شێوازی ئینتیقالییە بەردەوام بێت".