گرنگ

نێوانی ​هەرێم و بەغدا، لەسەر نەوت بە بنبەست گەیشت

2024-04-28

 
لە دوای سەردانی سودانی بۆ واشنتۆن و فشارەکانی ئیدارەی ئەمەریکی بۆ ڕێکەوتن لەسەر پرسی نەوت و هاتنی سەرۆکی تورکیا بۆ عێراق هیچ بەرەو پێشچوونێک لە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردووە، بەڵکو حکومەتی عێراق بە تەواوی کۆمپانیاکانی بێهیوا کردووە کە کار بە گرێبەستەکانیان بکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق، دوای چاککردنەوەی بۆڕی نەوتی ”کەرکوک- تورکیا” لە ئێستادا پێویستی بە بۆڕی هەرێم نەماوە. تەنها ئامادەیە ڕۆژانە ۱٥۰ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک هەناردە بکات. بەمەرجی پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوتیش لە هەرێم ئامادەیە کار بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بکات.
لە ماوەی ڕابردوو بەغداد بۆ جارێکی تر بەنوسراوی فەڕمی داوای گرێبەستە نەوتییەکانی لە حکومەتی هەرێم کردووە. دەیەوێت گرێبەستی کۆمپانیاکان هەموار بکاتەوەو لە گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم بیکات بە گرێبەستی خزمەتگوزاری. بەڵام هەرێم و کۆمپانیاکان گۆڕینی گرێبەستەکان ڕەت دەکەنەوە.
تێچوو و خەرجی دەرهێنانی نەوت و جۆری گرێبەستەکان بووەتە گرێ کوێرەی بەردەم پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم. تەنانەت بەغداد ئامادە نییە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ نەوت لە کۆمپانیاکان وەربگرێت تا لەسەر گرێبەستەکانیان ڕێکەوتن نەکرێت.
حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت کە زۆرینەیان لە ژێر ناوی کۆمەڵەی APIKUR کۆبونەتەوە سورن لەسەر جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی گرێبەستەکان و ئامادە نین دەستکاریان بکرێت. بۆ ئەمەش پاساوی ئەوەیان هەیە عێراق یاسای نەوت و غازی نییە تا بتوانێت بەپێی یاسا جۆری گرێبەست دیاری بکات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color