گرنگ

هەوڵدەدرێت ئەمساڵ عێراق سەرجەم بڕی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت

2024-05-13

 
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم ئاماژەبەوەدەكات، شاندێكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەگفتوگۆدان، ئەوەش بەمەبەستی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و هەروەها بڕی وەرگرتنی گەنم بە میكانیزمێكی نوێ كە لە بەرژەوەندی جوتیارانی هەرێمدابێت.
 
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم بەبواری ڕاگەیاند: بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی گونجاو بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم،شاندێكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لەگفتوگۆدان، ئەوەش بەمەبەستی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و هەروەها بڕی وەرگرتنی گەنم بە میكانیزمێكی نوێ كە لە عێراق پەیڕەو دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆكان بەردەوامین و هاوكات لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمیش دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكات و چەند سایلۆیەكیش بۆ عەمباركردنی گەنمەكان ئامادەكراون، لەگەڵ ئەوەشدا مەبەستمانە كە ئەمساڵ بڕی تەواوی گەنمی جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت و جیاوازی نەكرێت لەنێوان جوتیارانی هەرێم و جوتیارانی عێراق.
وتەكانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم لەكاتێكدایە كە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق ئەوەی بڵاوكردووەتەوە كە چەند ڕۆژێكە لە 12 پارێزگای عێراق دەستیان بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كردووە، هاوكات پێشبینی دەكەن كە بڕی وەرگرتنی گەنم لەمساڵدا رێژەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات كە پێشبینی دەكەن نزیكەی حەوت ملیۆن تەن گەنم لە جوتیاران بكڕن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color