لایەنە مەسیحی و تورکمانەکانی هەرێم، ڕۆژی ۱۳ی ئایار سێ سکاڵایان لەسەر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کرد.
سکاڵای یەکەم هەریەک لە ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی هەرێم و سەرۆکی هاوپەیمانی حاموڕابی و جنان بویا سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کلدان و ڕۆبینا ئویملک جێگری سەرۆکی ڕەوتی شەلامای مەسیحی تۆماریان کردووەژیا کاڵای دووەم لە لایەن ئازاد کورەچی سەرۆکی لیستی میللەتی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان و محەمەد سەعدەدین سەرۆکی حزبی گەشەپێدانی تورکمانی تۆمار کراوە.
سکاڵای سێیەم لەلایەن زیا بترۆس سڵێوە، سیاسی سەربەخۆی مەسیحی تۆمار کراوە و هەرسێ سکاڵاکە دژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دابەشکاری کورسی پارێزگاکان تۆمار کراوە. داوا دەکەن دابەشکاری کورسی پارێزگاکان هەڵبوەشێتەوەو کورسی تایبەت بۆ مەسیحی و تورکمان دابنرێت.
ناوەڕۆکی هەرسێ سکاڵاکە بەشێک لە ناوەڕۆکی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمە کە دژی کۆمسیۆن تۆماری کردووە و داوا دەکات ڕەچاوی دەستور و پرەنسیپی یەکسانی و دادپەروەری لەگەڵ پێکهاتەکان بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت هەرسێ سکاڵاکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە یەک بخرێت و دادبینی یەکەمی بخرێتە مانگی تەمووز.
تۆمارکردنی چوار سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە چەند مانگی ئایندەدا ئەستەم دەکات، چونکە چەند مانگێکی دەوێت تا دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکان یەکلا بکاتەوە.
بەپێی زانیاریەکانی بوار، لە سەرەتای ئەمساڵ تا ۳۰ی مانگی حوزەیران دادگا خشتەی دادبینی بۆ ۹۰ سکاڵای ساڵی ۲۰۲٤ دیاری کردووە لە کاتێکدا ۱٤۰ سکاڵا تۆمار کراوە و هێشتا ٥۰ سکاڵا ماوە کاتی دادبینی دیاری بکرێت.