گرنگ

دورینەوەی پەردەی کچێنی و جۆرەکانی

2021-07-21

 

دورینەوەی پەردەی کچێنی و جۆرەکانی


یەکێک لەو کێشانەی زۆرجار روبەڕومان دەبێتەوە بریتییە لەهه‌ڵخڵه‌‌تاندنى کچانى کورد به‌ بیانوى "دورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى کچێنى"، لەبەرامبەر ئەوەدا رێژەیەکی زۆر پارە لەو کچانە وەردەگرن کەروبەڕوی لەدەستدانی پەردەی کچێنییان دەبنەوە بەبیانوی ئەوەی کە بۆیان چاکدەکەنەوە.
له‌ڕوى ماددییه‌وه‌ ئەم کارە نرخى خۆى هه‌یه‌، به‌پێى به‌دواداچونه‌کان له‌یه‌کێک له‌ شوێنه‌کانى دورینه‌وه‌ى په‌رده‌ى کچێنى کراوه‌، نرخی دروینەوەی پەردەی کچێنی له‌ هه‌زار دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات تا 3 هه‌زار دۆلار.
به‌شێکى زۆر له‌م کچانه‌ له‌دواى ئه‌وه‌ى ده‌گوازرێنه‌وه‌ له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌کانیانه‌وه‌ تۆمه‌تى نه‌بونى په‌رده‌ى کچێنییان ده‌درێته‌ پاڵ به‌شێکیشیان هه‌رچه‌نده‌ په‌رده‌ى کچێنییان بۆ دوراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هاوسەرەکانیان پێیان زانیون و هێنراون بۆ پشکنین.
بەپێی یاسای عێراقی، پشکنینی پەردەی کچێنی و جۆرەکانی هەموی دەبێت بگەڕیتەوە بۆ پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری.
‎بەهۆی پشپۆڕییەکەمانەوە، ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌یبینین و د‌ێته‌ لامان زۆرجار که‌سانێک هه‌بون‌ پێشتر په‌رده‌ى کچێنیان له‌ده‌ستداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ یه‌که‌م شه‌وى هاوسه‌رگیریدا خوێنى هه‌بێت. رۆیشتوه‌ په‌رده‌که‌یان بۆ دوریوه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام زاواکه‌ پێى زانیوه‌، چونکه‌ لێره‌ ئه‌و کاره‌ به‌ جۆرێک ده‌کرێت که‌ ئاسان هه‌ستى پێده‌کرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى ده‌زوى نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ دەکریت تەنها ٢٤ -٤٨ کاتژمێر پێش هاوسەرگیری به‌ دیوارى زێدا ده‌لکێنرێت له‌و کاته‌ى دەزوەکە دەپچرێت ناو دیوارى زێ بریندار ده‌کات، به‌و هۆیەوە که‌مێک خوێن دێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا لێکده‌درێته‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ پاکیزه‌یه‌و په‌رده‌ى کچێنى هه‌بوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌ڵخڵه‌‌‌تاندنێک هیچى دیکه‌ نییه، داوکارم هیچ کچێک په‌ناى بۆ نه‌بات.
بەداخەوە یەکێک لەحالەتەکان کە هاتە لامان‌ بۆ پشکنین کە دەرەنجامەکەی دەرچوو و پێمان وت تۆ کچ نەماوی توشی شۆک بو، وتی سێ هەزار دۆلارمداوە بۆ چاککرنەوەی پەردە. بەداخەوە زۆر نا ئومێد بو.
ئەو جۆرە پەردە کچێنیانەی کێشەی لەسەر دروست دەبێت بریتین لە:

پەردەی لاستیکی
جۆرێک لەجۆرەکانی پەردەی کچینی پێی دەڵین (شریتی) ئەوەندە تەنک و باریکە زۆرجار لەکاتی پشکنین بە ئاسانی نابینری وادەزانریت کەلە ئەساسەوە پەردەی نییە. دەبێت ئەوەی پشکنینی بۆ دەکات ئەزمونی زۆری لەو بوارە هەبێت بۆ ئەوەی روبەڕوی هەڵە نەبێتەوە لەبڕیاردان. پەردەی شریتی زۆر سەیرە وەک بڵێی شاردراوەیە یان نەماوە یان نییە لەبنەڕەتەوە.
زۆرجار خەڵک دێتە پزیشکی دادوەری و دەڵی دو سێ دکتۆرم کردوەو پێیان وتوم پەردەت نییە، بەڵام ئێمە لەکاتی پشکنین دەبینین پەردەکەی جۆری شریتییە. ئەم جۆرە پەردەیە زۆر باو نییەو ڕێژەیەکی کەمی کچان ئەو جۆرە پەردەیان هەیە.
یەکێک لەکێشەکانی ئەم جۆرە پەردەیە ئەوەیە مەتاتی نییە. واتا لاستیکی نییەو جیاوازە. ئەم جۆرە پەردەیە بەزۆری خوێن نابینن لەکاتی هاوسەرگیری ئەوەش کێشەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. بۆیە لەحالەتی وادە بۆ ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی دروست نەبێت پێویستە کە هاوسەرەکە بێ ئەوەی خەڵک تێبگات راستەوخۆ خێزانی بهێنێتە پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی یەکلا ببنەوە.

پەردەی مەتاتی
جۆرێکی تری پەردەی کچینی کە کێشەی لە دوا دروست دەبێت ئەویش پەردەی مەتاتییە واتا لاستیکی. ئەم جۆرەش لەکاتی هاوسەرگیری خوێن نابینێ، بەڵام هەر کچەو هەر کچ دەمێنی تاکو یەکەم منداڵی بەتەبیعی دەبێ واتا ئەگەر منداڵی بەعەمەلیات ببی ئەوا هەر کچ دەمێنیێت. ئەم جۆرە پەردانە هیچ کێشەیان نییەو زۆرجار لێم دەپرسن بۆ منداڵ بون ڕێگرە؟ پێویستە ئەو هاوسەرانە ئاگادار بن کە هیچ کێشەیەکیان نییە بۆ منداڵ بون.
تاکە کێشە کە ئەم جۆرە پەردانە دروستی دەکەن کیشەی شک و گومانە لەنێوان هاوسەرەکان بۆیە ئامۆژگاری من وەک پزیشکێک لەم بوارە ئەوەیە "تکایە لەحالەتی وا، پێویست ناکات هەمو خەڵک بزانێت، بەڵکو ژنەکەو پیاوەکە دێنە پزیشکی دادوەری بۆ ئەوەی یەک لا ببنەوە. پێویستە هاتنیان لەچەند ڕۆژی یەکەمی هاوسەرگیری بێت زۆر گرنگە.
من وەک ئەوەی زۆر بینیومە لەپزیشکی دادوەری کە ڕۆژانە ڕوبەڕوی کێشەی وا دەبینەوە ئەگەر خەڵک تێنەگات و تەنها خۆیان بیانەوێ بزانن ئەوا ڕێزگرتنی ئافرەتەکە بۆ پیاوەکە زیاد دەکات و کێشەش دروست نابیت.

جۆرەکانی پەردەی کچینی و کێشەکانیان:
دابەش کردن بەپێی شێوە
بازنەیی(حلقی): زۆرترین جۆرە پەردەیە لەناو کۆمەڵگەی ئیمە بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کردم لەسەر پەردەی کچێنی، هیچ کیشەیەکی نییە.
مانگ(هلالی): شێوەی وەک مانگ وایە. هیچ کێشەی نییە.
بێژەنگ (غربالی): ئەمەیان لەکونێک زیاترە وەک بیژەنگ وایە ئەم جۆرە سوڕی مانگانە دەبینن، بەڵام لەپڕۆسەی هاوسەرگیرییە پێویستیان بەنەشتەرگەریە. یەکەم لەپزیشکی دادوەری ڕاپۆرت وەردەگرن، پاشان پزیشکی پسپۆری ئافرەتان نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدات.
قەپات: ئەم شێوەیە بە تەواوی قەپاتە کە دەگاتە تەمەنی هەرزەکاری سوری مانگانە نابینیت و توشی ئازار دەبن پێویستی بە نەشتەرگەرییە بۆ کردنەوەی. بۆ ئەمەش لەپزیشکی دادوەری ڕاپۆرت وەردەگرن پاشان پزیشکی پسپۆری ئافرەتان نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدات.

بەربەست (جسری): ئەم شێوەیە بەربەستێک هەیە لەپەردەکە، بەڵام هیچ کێشە دروست ناکات.
ماسک(قناعی): شێوەی وەک ماسک وایەو هیچ کیشەی نییە.
شریتی: شێوەکەی بازنەییە زۆر زۆر تەنکە وەک ئەوەی بڵێی پەردەی نییە. هەر وەک خۆی دەمێنی تاکو منداڵی بەتەبیعی دەبێت.
کرانەوەیەکی زۆر بچوک: ئەم شێوەیە کێشەی بۆ دروست دەبێت لەکاتی پرۆسەی هاوسەرگیریدا پێویستییان بە نەشتەرگەرییە. بۆ ئەم نەشتەرگەرییەش پێویستە لەپزیشکی دادوەر ڕاپۆرت وەربگرێت و پاشان پزیشکی پسپۆری ئافرەتان نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدات.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color