گرنگ

10 ساڵە قایمقامم، بۆیە دەستم لەكاركێشایەوە

2024-07-06

 

قایمقامی قەزای پێنجوێن لەدوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر دەستبەكار بوونیدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانی كردووە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەشی قەبوڵكراوە، جەختیش دەكاتەوە كە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بە گوێری من دەكەن بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بكەنە قایمقام بەڵام ئەوە بڕیاری سیاسی خۆیانە كێ‌ دەكەن شوێنگرەوەی من.

زانا ڕەحمان، قایمقامی دەستلەكاركیشاوەی قەزای پێنجوێن بە بواری ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی ماوەی 10 ساڵە لە پۆستی قایمقامی پێنجوێن بەردەوامم و لەوماویەدا ئەوەی لەتوانامدا هەبوو بۆ خزمەتی ئەم سنورە ئەنجامم دا، بەڵام ماوەیەكی زۆریشە حكومەت ئامادەنییە هیچ پرۆژەیەكی گرنگ بۆ سنورەكە بكات، بۆیە نامەوێت لەوەزیاتر ببمە جێگەی نیگەرانی هاووڵاتیان، هاوكات كاتی خۆشی ئێمە ڕەخنەمان لە كاك مسعود دەگرت هەشت ساڵە سەرۆكی هەرێمەو دەستلەكارناكێشێیەوە، بۆیە منیش 10 ساڵە قایمقامم بەپێویستم زانی شوێنكەم بۆ كەسێكی دیكە چۆڵ بكەم.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەند بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیاری ئەوەیان بۆ كردووم خۆم بەربژێر بكەم بۆ ئەندامنی پەرلەمان یاخود لە پۆستەكەم بەردەوام بم، بەڵام بۆخۆم پێم خۆش نییە لەو ماوە زۆرە بمێنمەوە و هیواخوازم كەسێك بێتە شوینەكەم بتوانێت بەگوڕوتینێكی باشتر خزمەت بەم سنورە بكات، بەڵام ئەوە دواجار بڕیاری سیاسییە بزوتنەوەی گۆڕان كێ‌ دەكاتە شوێنگرەوەی من.

قایمقامی دەستلەكاركێشاوەی قەزای پێنجوێن ئەوەشی خستەڕوو، نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانییەوە قەبوڵكراوە تەنها ماوەتەوە وەزیری ناوخۆ واژی لەسەر بكات و كەسێكی دیكە لەجێگەم دابندرێت، كە زۆر كەس سیڤییان پێشكەش كردووە، بەڵام زۆرترین ناو باس دەكرێت جێگەم بگرێتەوە( هاوار شێخ ڕەوف)ە كە پێشتر بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكانی هەرێم بوو بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، بەڵام ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەگوێی منیان بكردایە، بەڕێوەبەری ئێستا ناحیەی ناڵپارێز دەكەن قایمقام كە ئەویش خەڵكی ئەم سنورەیە و دڵسۆزە بۆ كارەكەی بەڵام دواجارا بڕیاری سیاسی ئەو پۆستانە یەكلای دەكرێنەوە

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color