وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاویکردەوە کە بەبڕیاری وەزیری دارایی کێشەی مووچەی دوو مانگی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) چارەسەر کرا.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری ئەمڕۆ پێشوازی کردووە لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی پارێزگای سلێمانیەوە هاتبوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی لە دیدارەکەی وەزیری دارایی و نوێنەری خانەنیشینانی یەکەی حەفتا گفتوگۆ لەسەر کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) کراوە کە ژمارەیان زیاتر لە ( ٩ ) هەزار کەسەو مووچەی مانگانەیان نزیکەی ( ٤ ) ملیار دینارە و تا ئێستا نەخراونەتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری.
وەزیری دارایی ڕونیکردەوە بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لەدەرەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی مووچە وەربگرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) تا ئێستا هیچ داتاو زانیاری و دۆسیەیەکیان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابوری نییەو لە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوررستانیش هیچ تەرخانکراوێکی داراییان بۆ نەکراوە، وتیشی وەزارەتی دارایی بەرپرسیار نییە لە دواکەوتن و نەدانی مووچەکانیان بەڵکوو پێویستە فەرماندەی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) کاربکات بۆ ئەوەی بەزوترین کات دۆسیەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
هاوشێوەی مانگەکانی وەزیری دارایی فەرمانی کردووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ) بەشێوەی سلفە تا کێشەکەیان بە یەکجاری چارەسەر دەکرێت.