وەزارەتی دارایی عێراق هێشتا لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی وەرنەگرتووە
بوار، تایبەت
تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق وەو لیستەی بەفەرمی وەرنەگرتووە كە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەوانەی بەغدادی كرد، بەڵام بەهۆی زۆربوونی ژمارەی میلاكی وەزارەتەكان و بوونی تێبینی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە تائێستا لیستكە بەفەرمی وەرنەگیراوە و دارایی هەرێمیش سەرقاڵی چارەسەر كردنی تێبینییەكانن
بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق بەفەرمی ئەو لیستەی وەرنەگرتووە كە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ مووچەی مانگی حەوت ئاراستەی كرابوو، ئەوەش بەهۆی زیاد بوونی ژمارەی میلاكی فەرمانبەرانی هەرێم لەو لیستەدا بەبێ ئەوەی دارایی هەرێم ڕوونكردنەوە بدات بە دارایی عێراق لەبارەی ئەو زیاد بوونەوە
ئاماژە بەوەشكراوە، هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن بتواندرێت تاكۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو گرفتانەی كە لەلیستی مووچەی مانگی حەوت هەن چارەسەر بكرێن، پاشان دویانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ لیستەكە دەكەن و پاشان بڕیاری خەرجكردنی پارە دەدرێت
بوار ئەوەشی زانیوە كە دوای گەڕانەوەی لیستەكە چەند ڕۆژێكە وەزارەتی دارایی هەرێم سەرقاڵی چاككردنی ئەو تێبینیانەن كە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خراونەتە ڕوو بەتایبەت لەبارەی زیاد بوونی میلاكی وەزارەتەكان بە تایبەت هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و پەروەردە