تورکیا بەهاوکاری سوننەکان و پارتی، ڕێگری دەکات پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت
تورکیا بەهاوکاری سەرکردە سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان توانای خۆی خستووەتەگەڕ کە ڕێگری بکات لەوەی کە پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک دابنرێت.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو چەندین کۆبونەوەی بەپەلە و نهێنی لە نێوان بەرپرسانی حکومەتی عێراق و ئەو هێزانەی لە پارێزگای کەرکوک کورسییان بە دەستهێنانەوە بەڕێوەچووە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرکردە سوننەکان بە هاوکاری بەرپرسانی پارتی لە ژێر فشاری تورکیا شکستییان بە هەموو گفتوگۆکانی ئەو هێزانە هێناوەو ڕێگری لەهەر ڕێککەوتنێک دەکەن کە ببێتە هۆی ئەوەی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ پارێزگای کەرکوک دابنرێت.
لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا هەر هێزێکی سیاسی لە هەر پارێزگایەک دەنگی یەکەمی پارێزگاکەی بەدەستهێنابێ پۆستی پارێزگاری شارەکەی بەدەستهێناوە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش بەبردنەوەی پێنج کورسی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پلەی یەکەمدایە. بەڵام دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تا ئێستا پارێزگارێک بۆ ئەو پارێزگایە هەڵنەبژێردراوە.