گرنگ

 گرنگ

قبوڵ ناکرێت ئەجێندای ئیقلیمی لە کەرکوک جێ بەجێ بکرێت.

2024-07-27

 


#بوار
سودانی لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ ئەندامانی عەرەب و تورکمانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت ”هەندێک یاسا لە واقیع جێبەجێ ناکرێن”.

ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٥ی تەموز، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری بەغدا بەجیا لەگەڵ شەش ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە و ئەمڕۆ ۲۷ی تەمووز لەگەڵ دوو ئەندامەکەی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگا کۆبووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی بوار، لە کۆبونەوەی سودانی بەجیا بە ئەندامانی عەرەب و تورکمانی ووتوە قبوڵ ناکرێت ئەجێندای ئیقلیمی لەکەرکوک جێ بەجێ بکرێت. دەبێت هەموو پێکهاتەکان بەشداری حکومەت بکەن و دڵنیایی داوەتە عەرەب و تورکمان مافیان پارێزراو دەبێت. 

سودانی بە ئەندامانی عەرەبی ووتوە دەبێت وەکو عورف و شێوازی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی تر مامەڵە بکەن و وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ڕێکەوتنی بەشێک لە عەرەب و بەرەی تورکمانی و پارتی.


سودانی ووتویەتی ”ناکرێت بە دروستکردنی زۆرینەیەک لایەنێک لە حکومەتی خۆجێی بێبەش بکرێت. چونکە سەقامگیری کەرکوک دەشێوێت”.

سودانی لە کۆبونەوەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە ”دەتوانرێت بەپێی یاسا زۆرینە دروست بکرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو یاسایە جێ بەجێ ناکرێت”.

بەپێی زانیاریەکانی بوار، سودانی دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی عەرەب و تورکمان لەگەڵ ئەندامانی کورد و نوێنەری مەسیحیەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color