#بوار ئێران لەسەر زێی بچوک چوار بەنداوی دروست کردووە و ئاوی سێ بەنداو دەگوازێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ و دانیشتوانى سنورەکانى ئیدارەى ڕاپەرینیش هۆشدارى دەدەن و داوا لە بەرپرسانى هەرێم دەکەن بێنە سەر خەت. بەپێى زانیاریەکان، ناوی بەنداوەکان بریتین لە (بەنداوی سیلوە، بەنداوی کانی سێو ، بەنداوی پیران ،بەنداوی کۆڵەسە ) و لەئیستادا ئاوی هەر یەکە لە بەنداوەکانی سیلوە و کانی سێو و پیران لە شاری خانێ (پیرانشار) دەگوازرێنەوە بۆ دەریاچەی ورمێ. باس لەوەشدەکرێت، تەنها ئاوی بەنداوی کۆڵەسە لەسنوری سەردەشت ماوە بیگوازێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ ئەویش بە دوای رێگایەکدا دەگەڕێن کە ئاوی ئەو بەنداوەش بگوازنەوە. هاوکات بەرپرسانی حکومی ئێران بە خەڵکی ناوچەکەیان راگەیاندووە هەر شوێنێکێ دیکە گونجاوبێت بۆ بەنداو ئەوا درێغی ناکەن لە دروستکردنی. گلدانەوەی ئاوەکانی زێی بچوک و گواستنەوەیان بۆ دەریاچەی ورمێ کاریگەری لەسەر زێی بچووک دەبێت لە سنوری هەرێمی کوردستان وە بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی لەناویشدا لە دەڤەری پشدەر قەڵادزێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنورەکە زیانی زۆری بەردەکەوێت و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوی دوکانیش دەبێت. خەڵکى ناوچەکەش داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن پەلە بکەن لە دروستکردنی بەنداوی دەڵگە، تا کارەساتی بێ ئاوی لە ناوچەکە رووینەداوە!