هونەرمەند خالید ڕەشید: دوای 33 ساڵ هێشتا كاربە واژۆی شێخ جەعەفەری پارێزگاری سەردەمی ڕژێمی بەعس دەكرێت.
هونەرمەندی ناوداری كورد ئاماژە بەوەدەكات كە ماوەی 33 ساڵە زەوییەكیان لە شاری سلێمانی بە واژۆی شێخ جەعەفەری پارێزگاری سلێمانی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس داگیركراوە و دراوەتە بەڕێوەبەری ئەمنی ئەوكاتەی سلێمانی، بەڵام تا ئێستاش كار بە واژۆی ئەو پارێزگارەی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەكرێت و شارەوانی سلێمانی ئامادە نییە زەویەكەمان بۆ بگەڕێنێتەوە.
هونەرمەند خالید ڕەشید ئەوەی ڕاگەیاندووە كە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی دەیویست خانوو لە سلێمانی دروست بكات و شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری ئەوكاتی بەعس دوای ئەوەی ماڵی تاڵان كردین زەویەكی ئێمەی بە نوسراو و واژۆی خۆی داوەتە بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی ئەوكات كەناوی خەڵەف بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوكاتە كە زەوییەكەیان داگیركراوە لەسەروبەندی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی كوردستان بووە، بەوهۆیشەوە بەڕێوەبەری ئەمن نەیتوانی خانوەكەی تەواو بكات، لەوكاتەشەوە تا ئێستا كە 33 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر كۆتایی هاتنی ڕژێمی بەعس بەڵام هێشتا دەستی بەدەستیان پێ دەكەن و شارەوانی سلێمانی زەویەكەیان بۆ ناگێڕێتەوە.
ئەو هونەرمەندە ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە ماوەی 33 ساڵە شارەوانی سلێمانی كار بەواژۆكەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەكات، لەكاتێكدا ئەو پارێزگارە بەعسییە وەك سزادان دەستی بەسەر زەویەكەیاندا گرتووەو شارەوانی سلێمانییش بەردەوامی بەو سزایە دەدات و دوای مردنی شێخ جەعفەریش هێشتا كار بەواژۆكەی دەكات.