#بوار شاندێکی حکومەتی عێراق هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بە دواداچوون لەسەر بە قاچابردنی نەوتی هەرێم دەکەن. ئەمڕۆ ۲٦ی ئاب، شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و شاندەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ بەقاچاخ فرۆشتنی نەوت دەکەن لەڕێگەی دەروازە سنورییەکانی هەرێم. شاندەکەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق لێکۆڵینەوە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات بەشێوەی قاچاخ و ناردنە دەرەوەی لە دەروازە سنوریەکانی ئێران و تورکیاوە. سەردانی شاندەکەی عێراق بۆ هەرێم دوای فشاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی شیعە دێت لەسەر حکومەتی عێراق لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی قاچاخ و نەگەڕانەوەی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی هەرێم و حکومەتی ناوەند. ڕۆژانە نزیکەی ۲۰۰ تا ۲٥۰ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگای تانکەرەوە لە دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان ڕەوانەی ئێران و تورکیا دەکرێت. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت لە هەرێم بەرمیلێک نەوت بە ۳۰ تا ٤۰ دۆلار دەفرۆشن بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کۆمپانیاکان بەتانکەر بۆ ئێران و تورکیا دەیگوازنەوە. هەر بەرمیلێک بە ۱۰ تا ۲۰ دۆلار خوار نرخی جیهانی دەیفرۆشن و بەشێکی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت و بەشێکی تری بۆ کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێمە. هیچ داهاتێکی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناگەڕێتەوە.