گرنگ

لە سنوری پارێزگای سلێمانی 27 پاڵاوگەی نایاسایی لە كاركردن بەردەوامن

2024-08-26

 

 بوار، تایبەت لەگەڵ ئەوەی بەر لەچەند ڕۆژێك پارێزگاری هەولێر بڕیاری داخستنی پاڵاوگەكانی شاری هەولێری دەركرد بەڵام تا ئێستاش ژمارەیەك پاڵاوگە لە سنوری هەولێر بەردەوامن لەكاركردن، هاوكات لە سنوری پارێزگای سلێمانیش 27 پاڵاوگەی بچوك و نایاسایی بەردەوام لە كاركردن كە بەشێكی زۆریان دەكەون نزیك سەنتەری شاری سلێمانی. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، لە سنوری پارێزگای سلێمانی 27 پاڵاوگەی بچوك و نایاسایی لەكاركردن بەردەوامن كە و بەشی زۆریان دەكەونە نزیك سەنتەری شاری سلێمانی بەتایبەت و بەشێكی دیكەشیان دەكەونە ناوچەكانی عەربەت و تانجەرۆ و فەرەجاوای نزیك سلێمانی و بەهۆی پاشەڕۆكانیانەوە ئاوی چەمی تانجەرۆ پیس بووەو پاشماوەكانیان لەڕێگای چەمی تانجەرۆوە دەڕژێتە ناو دەریاچەی دەربەندیخان. ئاماژە بەوەشكراوە، بەشی زۆری پاڵاوگەكان نەوتی خاوی ناوخۆی هەرێم و نەوتی بەقاچاخ هێنراوی كەركوك و دیالەو سەڵاحەدین بەشێوەی سەرەتای دەپاڵێون و بەرهەمی سوك و قورسی نەوت لێك جیا دەكەنەوە، هاوكات هەندێك لەپاڵاوگەكان لەهەمانكاتدا گۆڕەپانی سوتەمەنیان هەیە و لە نەفتای بەرهەمی كێڵگەی كۆرمۆر و بەرهەمە سوكەكانی پاڵاوگەكان و مادەی ڕیفۆرمەیت و میسانۆڵ كەلە ئێرانەوە دەهێنرێت بەنزینی نۆرماڵ دروست دەكەن. هەر لە زانیارییەكانی بوار ئەوەشهاتووە، لە ئەمساڵدا كاركردنی پاڵاوگە نایاسایەكانی پارێزگای سلێمانی زیاتر بووە و لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو پاڵاوگەیەكی نوێ لە قەزای چەمچەماڵ بنیات نراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەپاڵ هەبوونی ئەو 27 پاڵاوگە نایاساییە، سێ پاڵاوگەی دیكەی گەورە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە كە بریتین لە پاڵاوگەی بازیان و پاڵاوگەی كۆمپانیای كات لە دوكان و پاڵاوگەی فۆنێكس لە ناحیەی عەربەت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color