كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ناسراو بە ئەپیکۆر رایگەیاند "حکومەتى عێراق هیچ دەسپێشخەرییەکی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان نییە.
مایڵز كاگینز، وتەبێژی ئەپیكۆر بە میدیاکانى راگەیاند، "بۆ کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریى عێراق کۆمەڵەکەیان ئاگادارنەکراوەتەوە".
مایڵز كاگینز، هەناردەکردنەوەی نەوتی بە "ئاڵۆز"، ناوبرد، بەوتەى ئەو بەهۆی ئەوەی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە "ئەپیکۆر" کە لە هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی بواری نەوت پێکدێت 60%ـی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە بەرهەمدەهێنێت، مایڵز كاگینز، وتى "زیانەکانى راگرتنى هەناردە لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا لە 20 ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە".
لەبارەى هەوڵەکانى هەناردەى نەوت، وتەبێژی ئەپیكۆر، ئاماژەى بەوەکرد، توركیا رایگەیاندوە كە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیەو لە هەمان كاتیشدا حكومەتی هەرێمیش رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە.
كاگینز، هەناردەكردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە"چانسێك" بۆ عێراق ناوبرد "بۆ ئەوەی بتوانێت پشكی خۆی لە بازاڕی جیهانیدا زیاد بكات".
وتەبێژەکەی ئەپیکۆر باسی لەوەشكردووە، كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەچەند مەرجێك ئەوانیش رێككەوتنێک بکرێت و تێچووی هەناردەی پێشو و ئێستا و داهاتووش مسۆگەر بكات، پارەپێدان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بێت، هەروەها رەچاوی مەرجە بازرگانییەكانیشی تێدا بكرێت، گوتى "رێككەوتنێكی لەمجۆرە پێویستی بە دەستكارییكردنی گرێبەستەكان هەیە".