دوای ناردنی بڕی 570 ملیار دینار بۆ تەواوكاری مووچەی مانگی هەشت، هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی هەشت نزیكەی 300 ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت و حكومەتی عێراق ئامادە نییە كورتهێنانی هەرێم بۆ موچە پڕ بكاتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی بوار، ئەمڕۆ حكومەتی عێراق تەنها بڕی 570ملیار دینار بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی هەشت رەوانەی هەرێم كرد، هاوكات حكومەتی هەرێمیش پێشتر بڕی 182 ملیار دیناری لەبەردەستەبوو بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی هەشت.
ئاماژە بەوەشكراوە، بۆدابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بە خانەنشینانی شارستانی و سەربازییەوە، حكومەتی هەرێم پێویستی بە بڕیی زیاد لە یەك تریلیۆن دینار دەبێت، بەو پێیەش واتە كۆی گشتی كورتهێنان بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی هەشت بریتی دەبێت لە 300 ملیار دینار.
ئەوەش لەكاتێكدا كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی شاری بەغدا بكەن و لە كۆبونەوەكانیان داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن كورتهێنانی مانگی هەشت بۆ هەرێم پڕبكەنەوە تا بتوانن لە ماوەی چەند رۆژێكدا تەواوی موچەی فەرمانبەران دابەش بكەن.