مامۆستایەکی زانکۆ: سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا وەك پڕۆژەیەکی ستراتیژی سەیر ناکرێت
لۆنا بەکر/ سلێمانی
لە کۆمەڵگایەکی فرە کەلتووری وئایینی و لەژێر سایەی سیستمی دیموکراسیدا، پێویستە بوارەکانی فێرکرن وخوێندن سەربەخۆ بن و رێگا نەدرێت بکەونە ژێر کاریگەری هیچ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی دواتر نەبێتە هۆی ئەوەی ئاراستەی خوێندن و فێربوون بەلاڕێدا ببرێت، ماوەیەکە تێبینی دەکرێت لەچەند شوێنێکی جیاجیای هەرێمی کوردستاندا هەوڵدەدرێت ناوەندەکانی خوێندن وەك سەکۆیەك بۆ ریکلامی ئایینی بەکاربهێنرێن، ئەمەش بەبۆچوونی شارەزایان زەنگێکی مەترسیدارە بۆسەر کۆمەڵگا وپرسی بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، رەنگە رێگە خۆشکەر بێت لە داهاتوودا نەوەیەکی توندڕەوی ئایینی دروست بێت.
لیا خوێندکاری قوتابخانەیەکی ئینتەرناشنالە لە شاری سلێمانی، لە ماڵەوە لەتەنیشت خوشکە (14) ساڵانەکەیەوە دانیشتبوو کە لە هەمان قوتابخانەی ئینتەرناشناڵ دەخوێنن، دوو چیلکەی بەدەستەوەبوو ونانی پێدەخواردن ولەناکاو و بەوپەڕی بێزارییە وتی "لە رۆژێکی رەمەزانی ئەمساڵدا لە قوتابخانەکەمان داوایانکرد هەر کەسێك توانای هەبێت بۆ خوانی بەربانگ بڕی (10) هەزار دینار لەگەڵ خۆیدا بهێنیت، لەگەڵ هاوڕێکانمدا چوووین بۆ قوتابخانە و بینیمان جیا لە خوانی بەربانگ مامۆستای ئایینیان هێنا بوو نوێژی بە کۆمەڵیان پێدەکردین لەگەڵ چەند چاڵاکییەکی تری ئایینی کە ئێمە هیچمان لەبارەیەوە نەدەزانی".
وتیشی "ئێمە بۆ ئەوە رۆیشتبووین لە قوتابخانەدا لەگەڵ هاوڕێکانمان کاتێکی خۆش بەسەربرین، بەڵام ئەو کەشی چوونەدەرەوەیان لە ئێمە تێکدا".
باسکردنی ئەم بابەتە وایکرد هەندێک سەرنج بخەینە سەر بابەتەکەو سەرنجمان لەسەر خواردنەکە نەما، پرسیارمان لە هەر یەکە لەو دوو خوشکە کرد کە ئایا لە خوێندنگە کاتێک سیمینار یان هەر شتێکی لەو جۆرەتان بۆ ڕێکدەخرێت باسی چیتان بۆ دەکەن؟
وەڵامەکانیان جێی پرسیار بوون، هی ئەوە نەبوون لەئاستی خوێندنگایەکی پەروەردەیی ئینتەرناشناڵ بێت و وتیان"بۆنەکانی ئاهەنگ گێڕانی کریسمس و هاڵەوین و زۆر بۆنەو یادی دیکە لە قوتابخانەکەمادان قەدەغە کراون، بەبیانووی ئەوەی ئەمانە نەریتی دینی ئیسلام نین و موسڵمان نابێت بەشداری لە بۆنەی بەم جۆرەدا بکات!".
ئەوان هەرجارە و یەکێکیان بەنیگەرانییەوە قسەیەکی سەیریان دەکرد و هەرکات یەکێکیان قسەکانی تەواو دەکرد ئەوی دیکە شتێکی دیکەی بەبیر دەهاتەوە و زیاتریان بۆ باسدەکردم، تا گەیشتە ئەوەی یەکێکیان باسی لە سیمینارێک کرد کە لەلایەن یەکێک لە بەناوبانگترین توێژەرە کۆمەڵایەتیەکانی ئەمشارەوە بۆیان ڕێکخراوە ووتویەتی "هەرکەسێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیکڵاسی پێبوو بەدڵنیایەوە گرفتی ئەخلاقی هەیە! ".
وڵاتی مەدەنی و دەستووری و فرە کەلتووری کە تیایدا یاسا سەروەر بێت،¬ پێویستی بەوە هەیە لە هەمووو بوارێکدا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کێبڕکێ بکات، ئەمەش بەبێ سیستمێکی مۆدێرن و پیشکەوتووی فێرکردن ناکرێت، ئەو سیستمەش پێویستی بەوە هەیە رێز لە فرە ئایینی و فرە کەلتووری بگرێت. لە دنیای پێشکەوتوودا نابێت بواری پەروەردە و فێرکردن بەمەبەستی تایبەتی ئایدیۆلۆژی یان سیاسی و رەگەزی و هەر مەیلێکی دیکەی تایبەت بەڕێوەبچێت، بەوپێیەی کە لە بڕگەی دووەمی ماددەی (26)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە پێویستە "پەروەردە بە ئامانجی پەرەپێدانی تەواوەتی کەسایەتی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان بێت. هەروەها پێویستە لێکتێگەیشتن ولێبوردەیی و دۆستایەتی لە نێوان هەموو گەلان و هەموو گروپە ڕەگەزی یان ئایینییەکان بەرەوپێش ببات".
" سەرپۆش لەسەر بکەن، بەهیچ جۆرێك گوێ لە گۆرانی نەگرن".
نیما (تەمەن ١١ ساڵ)، لەلایەن دایکییەوە بەمەبەستی فێربوونی خوێندنی قورئان و بنەماکانی ئایینی ئیسلام نێردراوەتە یەکێك لەو ماڵانەی لە شاری سلێمانی وەك ناوەندێکی فێربوونن و لەلایەن رێکخراوە ئیسلامییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، دەڵێت "بەزۆر پێمان دەڵێن سەرپۆش لەسەر بکەین و داوامان لێدەکەن بەهیچ جۆرێك گوێ لە گۆرانی نەگرین، چونکە حەرامە و مرۆڤ بەرەوە هەڵە و خراپەکاری دەبات."