بوار، تایبەت
سەرۆكی بەرەی گەل بە پێویستی دەزانێت نووسینەوەی دەستووری هەرێم و دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوو بۆ هەرێم، بكرێنە كاری لە پێشینەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل لە وتارێكیدا كە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا بڵاوكراوەتەوە، باس لە دەرەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە و ئایندەی هەرێمی كوردستان دەكات.
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: هەمووان دەزانن كە لە نەمانی پەرلەماندا، دامودەزگاكانی حكومەت و دەسەڵاتەكانی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمدا شەرعیەتیان نییە، ئەمەش بەو مانایە دێت پرۆسەی دیموكراسی كە تایبەتمەندییەكی بنەڕەتی ئەزموونەكەی هەرێم بوو، تا ڕادەیەكی زۆرە پەكخراوە بۆیە هەڵبژاردن پێویستیەكی حەتمی بوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان شەرعیەت بۆ هەموو دامودەزگاكانی و سیستمی حوكمڕانییەكەی بگێڕێتەوە كە ساڵانێكی زۆرە لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دابەش كراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو كە “هەڵبژاردنەكە لە نێو كۆمەڵێك قەیراندا هات كە باڵیان بەسەر دۆخی گشتی هەرێمی كوردستاندا كێشاوە كە خۆی ڕووبەڕووی زۆرێك لە ئاڵنگاری سیاسی و ئەمنیی و ئابووری بووەتەوە. لە كاتێكدا دەنگدەران چاویان لە باشتركردنی بارودۆخی ئابووری خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانە دەرەكییەكان لە كاروباری هەرێمە، كە ئەمەش ڕێڕەوی حكومڕانی و یەكپارچەییەكەی و دامەزراوەكانی خستووەتە سەنگی مەحەكەوە.
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: “هەڵبژاردنەكانیش بەستێنەكەی گرنگییەكی زۆری هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی كە تا چەند پێوەرەكانی دیموكراسی سەرەتایی بەدەست دەهێنێت، لەوانەش یەكپارچەیی و… شەفافیەت، و داننان بە ئەنجامەكانی لەلایەن لایەنە كاریگەرەكانەوە، بە تایبەت كە گۆڕانكاری لە ڕێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە حەتمییە.
سەرۆكی بەرەی گەل لەگەڵ بەبیرهێنانەوەی ئەو پارێزپەبندییەی كە دەستوور لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بە هەرێمی كوردستانی بەخشیوە دەڵێت: “بە هۆی پەكخستنی دامەزراوەكانی یاسادانان و چاودێری و ئیفلیجبوونی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و گومانەكان لە ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و دادگاكان، هەرێمی كوردستان لە لاوازترین قۆناغدایە.. ئەو هەرێمەی كە بووەتە تاقانەی ڕۆژگار بۆ گەلی كورد كە بەسەر عێراق و ئێران و توركیا و سووریادا دابەش كراوە.
لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاندووە كە سەرباری گومانەكان، هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی سێ دەیەم ئەزموونێكی دیموكراسی فرەرەنگی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و هزری بووەم ئەمەش تایبەتمەندیەكی سەرەكی و بێوێنەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەدا، بەڵام ئیفلیجبوونی دامەزراوەكانی لەم ساڵانەی دواییدا، بووەتە هۆی پاشەكشەی دیموكراست و نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە ئەزموونە سیاسییەكەی هەرێم، بۆیە هەڵبژاردن هەلێكی نایاب بوو بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان.
لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ بیرهێنانەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەڵێت: “شەرعیەتی ڕاستەقینە لە هێزی گەل و یەكڕیزییەكەیەوە بەدیدێت و مێژووش دەڵێت، هەموو سیستم و حكومڕانەكان جێگرەوەی هەیە تەنها گەل نەبێت كە جێگرەوەی نییە.
سەرۆكی بەرەی گەل هیوادەخوازێت كە هێزە كارا و كارگەرەكان ئەركی گواستنەوە لە دیموكراسی نیمچە چەكدارەوە بۆ دیموكراسی مەدەنی ڕاستەقینە بگرنە ئەستۆ لە ڕێگەی میكانیزمە بەردەستەكان و هەوڵی چڕ بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە و بە پێویستیشی دەزانێت كە ئەو ئەركە بكرێتە كاری لە پێشینەی قۆناغی داهاتووە.
لاهور شێخ جەنگی لە كۆتایی وتارەكەیدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت نووسیوێتی: “گەورەترین بەرپرسیارێتی كە دەكەوێتە سەر شانی پەرلەمانی داهاتوو، دروستكردنی هێزێكی سەربازی یەكگرتوو دەبێت كە بەرپرسیار بێت لە پاراستنی هەرێمی كوردستان لەبری بەرژەوەندی تەسكی حزبی، بەمەرجێك ئەو هێزانە بێلایەن بن و بە هەمان دووری لە هەموو كارەكتەرە سیاسییەكان بووەستێت، هه ڕوەها چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ سڕینەوەی شوێنەواری دوو ئیدارەیی ئەو پەرتبوونە گەورەیەی كە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە هەرێمی كوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت.