گرنگ

ژیان هەڵەبجەی، ئەو گەڕیدەیەی بۆ دۆزینەوەی خێزانەکەی کۆڵ نادات

2021-07-29

 

ژیان هەڵەبجەی، ئەو گەڕیدەیەی بۆ دۆزینەوەی خێزانەکەی کۆڵ نادات


بوار نیوز، هەولێر
ژیان کامەران هەڵەبجەیی، یەکێکە لەمنداڵە ونبوەکانی کیمیابارانی هەڵەبجە، تاکو ئێستا دوای چەندین پشکنینی دی ئێن ئەی، یەکلای نەکراوەتەوە کچی کام خێزانی هەڵەبجەیە، ناوەکەی لە مەریەمەوە گۆڕا بۆ چەندین ناوی ترو ئێستاش ژیان کامەرانە، ئەم کچە ونبوەی هەڵەبجە چیرۆکی خۆی بۆ بوارنیوز دەگیڕێتەوەو دەڵێت "هەر ئەوەندەم لەبیرە بۆیان باس کردوم، شەش مانگ بو، بەھۆی کیمیابارانی ھەڵەبجە لەگەڵ نزیک لە دو سەد منداڵی تر ئاوارە بوین، لەھەتیو خانەکان ماینەوە، دواتر چوینە تاران چونکە پایتەخت بو، ئەو منداڵانەی لە کوردستان بون دابەشکران بەسەر ئەو شارانەی غەیری کورد بون، من کەوتمە پارێزگای مازەندەران، خێزانێک، وامدەزانی دایک و باوکمن، سەرپەرشتی منیان ئەکرد، وەک زڕمنداڵ، ئەوان کچێکیان ھەبو لەتەمەنی ١٣ ساڵی بەھۆی نەخۆشی لەداستیاندا، ناوی مەریەم بو، لەبەر ئەوە ناوی منیان کردە مەریەم، چونکە منداڵیان ھەبو بۆیان نەبو منداڵ ھەڵبگرنەوە لەھەتیوخانە بە نایاسایی منیان وەرگرتوە".
ژیان یەکەمین بیرەوەری تاڵی خۆی بۆ بوار گێڕایەوەو دەڵێت "تەمەنم ٦ ساڵان بو خەریکی یاری بوم لەگەڵ منداڵەکان، ھەر ھاوتەمەنی خۆم بون، وتیان تۆ بڕۆ تۆ منداڵی ھەتیوخانەیت، تۆ منداڵی ئەو دایک و باوکە نیت، ئێمە ھەمومان ڕەسممان ھەیە کە بەمنداڵی لەدایک بوین بەس تۆ ئەو ڕەسمەت نییە، لەھیچیان ناچیت، سەرەتای ئەوە بو کە من ھەستمکرد کچییان نەبم، دواتر چومە مەکتەب وردە وردە بۆم ڕونتر بو جیاوازیەکەی نێوانمان، شارەکەی ئێمە زۆر گەورە نەبو، ھەروەھا شێوەم لەگەڵ دایکم و باوکم جیاواز بو، بۆیە خەڵک زۆربەیان دەیانزانی. زانیم کە لەوان نیم، بەڵام ئەوە ھەر لەدڵم مایەوەو قسەم نەدەکرد، بەڵام واملیهات بەشێوەیەکی ناخۆش ڕەفتاریان لەگەڵم بکردایە ھەستم ئەکرد لەبەر ئەوەی منداڵی ئەوان نیم بۆیە وادەکەن.
ژیان، لەدرێژەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا دەڵێت "بە منداڵی نوری چاوی ئەو ماڵە بوم، چونکە باوکم زیندو بو، شازدە ساڵ بوم دواکاریم ھاتبو، بەڵام باوکم وتی نا، ئەبێت خوێندنەکەت تەواو بکەیت، منیش بۆ یەکەمجار وتم چۆن من منداڵی ئێوە نیم و ئێوە بڕیاری وا دەدەن، باوکم زلەیەکی لێدام، وتم من منداڵی تۆ نیم چۆن لێمدەدەیت، باوکم زلەیەکی لە خۆیداداو گریا، باوکم وتی، ھەر ئەوەنە دەزانم تۆ لەلای سیروانەوە ھاتویت، نازانم سیروان چییە شاخە، ڕوبارە، شارە، نازانم چییە، بەس ئەوەنە دەزانم لەگەڵ ئاوارەکانی کورد ھاتیت، ھەر لەمناڵییەوە جێگای سوتان لەسەر گیانم ھەبو، بەڵام نەدەزانرا لەکیمیاباران ڕویدابێت، چونکە من لەناوچەی فارس لای شیعە گەورە بوم، سەبارەت بەمەسەلەی کیمیابارانیان نەزانیبو، هەژدە ساڵ بوم، باوکم مرد، لەو کاتەوە سەختییەکانی ژیانم دەستی پێکرد، دواتر دایکم بە منی وت بۆ ناڕۆیت بە دوای کەس و کارتدا بگەڕێت، قسەی خەڵک و دایکم وایکرد دەست بە گەڕان بکەم، چوم بۆ خانەی بێ سەرپەرشتان، لەپارێزگاکەی خۆمان، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکە قسەم کرد، زۆر هاوکاری منی کرد، گەڕایەوە بۆ کارمەندەکانی پێش ٢١ ساڵ، بۆ ئەوەی هاوکاری من بکات، یەکێک لەکارمەندەکان منی بیرهاتەوەو بەپێدانی زانیاریەکان، وتی پێم وابێت لەناوچە کوردییەکان هاتبو، پێشتریش باوکم ئەوەی گوتبو، بۆیە ٢٤ پارێزگای ئێران گەڕام چومە کەمپەکان، بە دوای کوردە ئاوارەکان دەگەڕام، چوار ساڵ گەڕام، ئیشم دەکردو دەگەڕام بەدوای خێزانەکەم، ڕۆژێک پارەم نەما بڕیارمدا گورچیلەم بفرۆشم بۆ ئەوەی خێزانەکەم بدۆزمەوە، کاتێک دەچوم گورچیلە بفرۆشم، تینوم بو چوم لەدوکانێک ئاو بکڕم، پیاوەکە زۆر بە لەهجەیەکی خۆش قسەی دەکرد، وتم کاکە خەڵکی کوێت، وتی کوردی سەردەشتم، کە وای وت هەمو گیانم کەوتە لەرزین، دواتر چیرۆک و بەسەرهاتی خۆی دەگێڕایەوە، دواتر خەیاڵی فرۆشتنی گورچیلەم لەمێشکم دەرهێنا.
ئەم کچە ونبوەی هەڵەبجە دەڵێت "دواتر لەزانکۆ هاوڕێیەکی کوردم هەبو، ژیانی خۆمم بۆباسکرد، ئەویش باوکی تێگەیاندو چومە ماڵیان، کوڕێکیان هەبو ناوی سیروان بو، وتیان ناوی سیروانە، قسەکەی باوکم بیرهاتەوە، وتم سیروان چییە؟ ئەوانیش وتیان سیروان ڕوبارێکە لەنێوان کوردستانی ئێران و ئێراق، من یەکەمجار بو بزانم کوردستان لەعێراق هەیەو دواتر زانیم کوردستان ٤ بەشە، وتیان تەمەنی تۆبۆ تەمەنی ئەو ساڵانە دەگونجێ کە کیمیاباران بوە لەهەڵەبجە، لەڕێگەی ئەوان و چەند کەسێکی تر، کاک لوقمان، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجەم ناسی، دواتر دی ئێن ئەیم کرد بۆ ئەوەی بزانم کێم، پێموترا کوردی، سەرەتای شەڕی داعش بو، بەمنیان دەوت ئێستا کاتی ئەوە نییە، بەس من هەر بەردەوام بوم، دواتر من دەمویست هەر چوار پارچەکە بگەرێم تا بزانم خەڵکی کوێم، سەرەتاش لەباشورەوە دەست پێدەکەم، جاری وا هەبو چەند شەو لەشاخ دەخەوتم، بۆ گەڕان، بەو ئاسانیە نەگەشتمە ئێرە، پاشان لەڕیگەی ژن وپیاوێکەوە،چومە سنوری باشماخ، ٢٧ ساڵ ژیانی خۆم جێهێشت لەئێران و هاتمە کوردستان، بێ ئەوەی بزانم خەڵکی کام شارم و لەکوێ دەمێنمەوەو چیدەکەم، تەنها کاک لوقمانم دەناسی، دواتر بەڵگەیەک دەست کەوت لەڕێگەی کونسوڵخانەوە دایان بەحکومەتی هەرێم کە من کوردی هەڵەبجەم و لەکیمیاباران ئاوارەی ئێران بوم، ١٢٨ ڕۆژ لەماڵی کاک لوقمان لەهەڵەبجە مامەوە.
ژیان بەردەوامە لەباسکردنی ژیانی و دەڵێت "دەستکرا بەفەحسی دی ئێن ئەی و ٦ جار کرام بەکچی ٦ ماڵ، ٦ ماڵ هاتن کە خێزانی منن، ڕۆژێک مریەم بوم، ڕۆژێک ئامینە بوم، ڕۆژێک هاوناز بوم، ٢ ساڵ هاوناز بوم و ٧ مانگ لەگەڵ خێزانی هاوناز ژیام، دواتر ئەو ماڵەی بەحساب کەدایک و کەسوکاری تازەی منن، منیان بردە سەر گۆڕی هاونازو گوتیان هاوناز مردوەو تۆ هەمو شتێکت جیاوازە لەهاوناز، لەسەرەتا دایکی هاوناز بۆ ونبونی کوڕەکەی هاتبو، دەیزانی کچەی مردوەو دەچوە سەر گۆڕی، خۆی بڕیاری نەدا کچی ئەوبم، بەڵام قبوڵی کرد، سەنتەری مایکرۆجین، لەنەخۆشخانەی هەرێم لەشاری سلێمانی، دکتۆر فەرهاد بەرزنجی، گوتی "تۆ هەر کچی ئەو ژنەی ئەگەر هاوناز بیت یاخود نا، چونکە بەپێی دی ئێن ئەی تۆ کچی گێلاسی کە دەکاتە دایکی هاوناز".
ژیان لەکۆتایدا دەڵێت "زۆر کەس پەیوەندیان کرد دەیان وت، ئەگەر تۆ کچی ئێمەش بیت، ئێمە تۆمان ناوێت، چونکە لەسنوری هەولێر دەژیت، یاخود دەڵێن، خۆ ئێمە میراتمان نییە، ئەم قسانە بۆیە دەکرێت، کەسانی ژمارە یەکی خێزانەکان نەماون، یان زڕ دایک، یان زڕ باوک، ئامۆزاو پورزا ئیتر ئەمانە ماون، تا ئێستاش من وازم لە گەڕان و دی ئێن ئەی نەهیناوە، بەڵام بەمەرجێک جارێکی دیکە دی ئێن ئەی دەکەم سەنتەرێکی باوەڕ پێکراو بێت، بەڵام هەستەکەم ئیتر تەحەمولی ئەو ناڕەحەتیانەم نەما، ٢٧ ساڵ مریەم بوم، ٣ ساڵ بوم بەهاوناز، بەجەرگو دڵ لەگەڵ هاوناز ژیام و بەخێوم کرد، ئێستا بوم بە ژیان کامەران هەڵەبجەی، دایکم ناوی کوردستانە، ناوەکەم ناوێکی وەهمییە، بەڵام زۆر قبوڵمە، چونکە کەس ناتوانێت لێم وەربگرێتەوە، ئێستاو دۆخی ئێستام هەر لەچاوەڕوانیدام، جاران هیچم نەدەزانی خەڵکی کوێم، ئومێدم هەبو بیدۆزمەوە، بەس ئێستا بێ ئومێدم، چونکە دەزانم خەڵکی کوێم و ناتوانم کەس و کارم بدۆزمەوە، ناتوانم بچمە هەڵەبجە، چونکە ماڵم نییە، ڕاستە هەمویان وەک کچی خۆیان سەیرم دەکەن بەس کەسیان کەسوکاری راستی من نین، ناتوانم تەنانەت بیر لەزەواجیش بکەمەوە، چونکە دەترسم دواتر دەرکەوێت ئەو کەسەی زەواجمکردوە لەگەڵی، خاڵ، مام، برا یان مەحرەمی من بێت، ، تەنانەت کەس و کاری من سەر قەبرانیشیان نییە بڕۆم لەوێ بگریم، نازانم کێم و کچی کێم.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color