#بوار
بڕیارە رۆژی سێشەممە، ٢٩ی ئۆکتۆبەر، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، بۆ بڕیاردانی کۆتایی بۆ چوون یان نەچوونیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، کۆدەبنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، بڕیارە رۆژی سێشەممە، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی رەوتی هەڵوێست کۆببنەوە بۆ بڕیاردانی کۆتاییان سەبارەت بەوەی بەشداری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن یان بایکۆتی بکەن.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، رەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح چوار کورسی بەدەست ھێناوە.
دوای ئەنجامەکان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری و رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل، دەڵێن ساختەکاری لە دەنگەکانیان کراوە و ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە، دوێنێش کۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا بایکۆتی پەرلەمان بکات.