بوار، تایبەت
سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات، هیچ وادەیەك بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكراوە جەختیش دەكاتەوە كە ئەگەری زۆرە ئەنجامی بەرایی و كۆتایی هاوشێوەبن
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیاند: ئێمە هیچ وادەیەكمان بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان دیارینەكردووە، بەڵام سەرقاڵی ئامادەكاریین بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لەبەردەستماندان، ئەنجامی كۆتاییش، هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكانە كە رامانگەیاندووە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە ژمارەی كورسییەكان روونادات
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان 39 كورسی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، 23 كورسی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ 15 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، 7 كورسی، بەربژێری پێكهاتەكان 5 كورسی، رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی 4 كورسی، كۆمەڵی دادگەری 3 كورسی، بەرەی گەل 2 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان هەریەكەو كورسیییەكیان بەدەستهێناوە، هاوكات ژمارەیەك لە لیست و بەربژێرەكان رەخنەیان لە ئەنجامەكە هەبوو، هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی ئیسلامی رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل، كۆمەڵی دادگەریی و چەند لایەن و بەربژێرێكی دیكە ئەنجامی بەراییان رەتكردووەتەوە.