گرنگ

حكومەتی هەرێم بەفەرمی لەسەر ڕێگرییەكانی بەردەم هەژماری من لە سلێمانی هاتە دەنگ

2024-10-28

 

بوار، تایبەت
دوای ئەوەی بەبڕیاری سەرۆكی یەكێتی نوسینگەكانی پرۆژەی هەژماری من لە سلێمانی داخران و كاركردنیان ڕاگیرا، ئەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێك كە ئاراستەی وەزارەتی داد و داواكاری گشتی كردووە ڕێكاری پێویست بگرەنە بەر بەرامبەر بە هەر كەسێك ڕێگری لە كارمەندانی هەژماری من بكات و سزا بدرێت.

بەگوێرەی نوسراوێكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە ژمارە 5171 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی لەسەرە و ئاراستەی وەزارەتی داد و هەروەها داواكاری گشتی كراوە، ئاماژە بەوەكراوە، پشتبەست بە پەسندكردنی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەكی گشتگیر و بەردەوامە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران، هەر بەڕێوەبەری بانكێك، یان ئەفسەر و پۆلیسێك رێگری لە كارمەندانی (هەژماری من) بكات، سزا بدرێت.

 ئاماژە بەوەشكراوە، داواكاری گشتی بە فەرمی داواكەی گەیاندووەتەوە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كە تیایدا هاتووە
یەكەم: وەزارەتی دارایی و ئابووری تاكە لایەنی تایبەتمەندە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیاریكردنی شێوازی دابەشكردنی مووچە، كاری پێویست ئەنجام بدات بە وەرگرتنی رێكاری یاسایی و كارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانكانەی رێگری دەكەن لە كارمەندانی (هەژماری من) بۆ راییكردنی كارەكانیان؛ یان هەر بەرپرسێكی دیكەی حكومی، پشتبەست بە هەردوو مادەكانی 4 و 5 لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەری دەوڵەت و كەرتی گشتیی ژمارە 14ی ساڵی 1991.
 
دووەم: وەزارەتی ناوخۆ رێكاری پێویست ئەنجام بدات بەگوێرەی حوكمەكانی یاسای سزاكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 14ی ساڵی 2008 بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و كارمەندانی پۆلیس كە رێگری دەكەن لە كارمەدانی (هەژماری من) بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان.
 
سێیەم: وەزارەتی داد - سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی، رێكاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوكمەكانی یاسای داواكاری گشتیی ژمارە 159ی ساڵی 1975ی هەمواركراو و پشتبەست بە هەردوو مادەی 231 و 240 لە یاسای سزاكان، ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە جووڵاندنی داوای سزایی بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانەی رێگری لە كارمەندانی (هەژماری من) دەكەن بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان و پێشكێشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لەلایەن حكومەتەوە.
 
لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا، وەزارەتی داد – داواكاری گشتی، بە ناونیشنانی "نهێنی و بەپەلە" لەسەر رێگری لە كارمەندانی پڕۆژەی (هەژماری من) نووسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەكانی داواكاری گشتیی لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان كردووە
 
لە نووسراوەكەدا كە ژمارە 68ـی لەسەرە هاتووە، سەبارەت بە رێگری لە كارمەندانی (هەژماری من) لە سنووری فەرمانگەكانیان سكاڵای سزایی و رێكاری یاسایی پێویست بگرنەبەر دژی هەر كەس و لایەنێك رێگری دەكات لە كاركردنیان بە پێی مادەكانی (240 – 231 – 232 – 329) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو، وە هەر مادەیەكی دیكەی یاسایی گونجاو.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color