گرنگ

ئەو دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەكان كراوە گوزارشتە لە شكستی حوكمڕانی حزبەكانی دەسەڵات

2024-11-04

 

بوا، تایبەت
هەریەكە لە سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و سەرۆكی بەرەی گەڵ لە شاری هەولێر كۆبوونەوە و بە وتەی سەرۆكی بەرەی گەل لە كۆبوونەوەكەدا هەردولایان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە لە هەڵبژاردنەكان ساختەكاری كراوە و پێویستە تانەكان لە ئەنجامەكان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە بەهەند وەربگیرێن، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەو دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەكان كراوە گوزارشتە لە شكستی حوكمڕانی حزبەكانی دەسەڵات.

لاهور شێخ جەنگی: سەرۆكی بەرەی گەل لە تۆڕی كۆملایەتی فەیسبوك ئەوەی ڕاگەیاندووە: ئەمڕۆ لە بارەگەی بەرەی گەل لە شاری هەولێر، پێشوازیمانكرد لە مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری و وەفدی یاوەری
لە دیدارێكی دۆستانەدا، پێكەوە بیروڕامان ئاڵوگۆڕكرد سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ٢٠ ی ئۆكتۆبەر و ئەو ساختەكارییە بەرفراوانەی ئەنجامدراوە و تەئكیدمان لە هەماهەنگی نێوان كۆمەڵی دادگەری و بەرەی گەل كردەوە.
 
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەردوولا هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی كە پێویستە تانەی لایەنە سیاسییە بەشداربوەكانی ئەم هەڵبژاردنە لەبەرچاو بگیرێ، جەختیشمان كردەوە لەسەر ئەو ڕاستییەی كە تێپەڕبوونی هەڵبژاردنەكانی ٢٠ ی ئۆكتۆبەر بەو هەموو ساختەكارییەوە پرسیاری جدی لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و شەرعییەت و مەشروعییەتی پرۆسەی سیاسی دروست دەكات و متمانەی خەڵك بە دامەزراوە نیشتیمانییەكان هێندەی تر لاواز دەكات.
لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی نوسیوە، لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری، جارێكی تر ئەو راستییەمان دوپاتكردەوە كە ئەو ساختەكاریی و دیزاینەی بۆ هەڵبژاردنەكانی ٢٠ ی ئۆكتۆبەر كراوە گوزارشتە لە شكستی حوكمڕانیی و ترسی حزبەكانی دەسەڵات لە سەنگی راستەقینەی خۆیان هەر بۆیە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا و هەر جارە و بە مۆدێل و رێكارێك پەنا بۆ ساختەكردنی ئیرادەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبەن.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color