گرنگ

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر: كاتی ئەوەهاتووە پارتی یان یەكێتی یەكێكیان ببیتە ئۆپۆزسیۆن

2024-11-06

 

بوار، تایبەت
پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات كاتی ئەوەیە یەكێتی و پارتی كۆتایی بە هاوسەرگیریی كاسۆلیكیی نێوانیان بهێنن و یەكێكیان لە حكومەت بن و ئەوی تریان لە ئۆپۆزسیۆن، چونكە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ئەگەر خۆشیان یەكبوبن خەڵك و خاك و نیشتمان و هەموو شتیان بە لەتی هێشتۆتەوە، شكستخواردووبوون.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕایگەیاندووە: بەهەموو تێبینییەكانەوە، لەم سەردەمی قەیرانی دیموكراسییەدا، لە دۆخێكدا كە جیهان لە جەنگێكی جیهانیی ڕانەگەیەندراودایە، ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخی دوای جەنگی جیهانیی یەكەمدا گوزەردەكات و لە شڵەژان و هەژان و ژانێكی قوڵ و نوێدایە، هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەخوازم ئەم هەڵبژاردنە هەرێمی كوردستان لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتییەوە بباتە قۆناغی دەوڵەتداریی جوگرافیای سیاسیی هەرێم لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و ئابوریی و دارایی و دادوەریی و وزەو ئەمنییەت و مەعلومات و دبلۆماسییەت و پەیوەندییەكان و گواستنەوەو پەیوەندیكردن و هەمو لەتەكانی دیكە، یەكبخاتەوە، بۆ جارێك دەوڵەتداریی ڕاستەقینەو ڕەوا، لەسەر بنەمای حوكمڕانیی بەهێزو ئۆپۆزسیۆنی بەهێز، دروستبكرێت.

ئەوەشی نوسیوە، دو هێزی دەسەڵاتداریی سێ دەیەو نیوی پێشو، دو ڕكابەری سەرسەختی شەست ساڵی پێشوو، كە لە شەڕی یەكتركوشتن هەتا براكوژیی و شەڕی ناوخۆو هێنانی وڵاتان و پەنجا بە پەنجاو شكاندنی ئێسك و پەنجە و دەسەڵاتی ناوچەیی ڕەهاو زۆرینەو كەمینە و كەمینە و زۆرینە و یەكبوونی ڕوكەشانەو بانگەشەو هاوپەیمانێتیی و كوتلەی پەرلەمانیی و حكومەتی هاوبەش و سێ ئیدارەیی و دو ئیدارەیی و یەكئیدارەیی و دو دەسەڵاتییان؛ تاقیكردەوە و ئەزمون پێمان دەڵێت، لە هەمویاندا ئەگەر خۆشیان یەكبوبن خەڵك و خاك و نیشتمان و هەمو ئەوانەی سەرەوەیان بە لەتی هێشتۆتەوە، شكستخواردوبون.

پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، كاتی ئەوەیە ئیتر ئەم دو هێزە كۆتایی بە هاوسەرگیریی كاسۆلیكیی نێوانیان بهێنن، وەك لەیبەرو كۆنزەرڤاتیڤەكانی بەریتانیا، یان دیموكراتیی و كۆمارییەكانی ئەمریكا بكەن، وەك ئەوەی ڕەوانشاد دوای هەڵبژاردنەكانی یەكەم ئەنجومەنی نوێنەرانی كوردستانی دوای ڕاپەڕین لە 1992دا وتی، یەكێكیان لە حكومەت بن و ئەوی تریان لە ئۆپۆزسیۆن، ئەوكات نەیان كرد.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color