#بوار
بەشێوەیەكی فەڕمی كورد لە ڕێگەی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی حكومەتی هەرێمەوە داوای دواخستنی سەرژمێری دەكات لە پارێزگای كەركوك.
بەپێی وتەی فەهمی بوڕهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، لەسەردەمی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك زیاتر لە 200 هەزار خێزانی كەركوك لە شارەكە دەركراوەو لەبری ئەوان ژمارەیەكی زۆری عەرەبی هاوردە هێنراوەتە شارەكەو جێگیركراون.
بەوتەی فەهمی بوڕهان، تا ئەو كاتەی ماددەی 140ی دەستوری عێراق جێبەجێ دەكرێت دەبێت سەرژمێری لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێت كە لەو ماددە دەستورییەدا ئاماژەیان پێكراوە.
ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم ئەوە ڕەتدەكاتەوە كە كورد دژی سەرژمێری بێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە كورد دەیەوێت سەرژمێرییەكی ورد ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی پشكی كورد لە بابەتی بودجەو داهاتەوە كەمتر نەنێردرێت.
بە وتەی فەهمی بوڕهان ئەنجامدانی سەرژمێری لەو ناوچانە پێچەوانەی ماددەی 140ی دەستوری عێراقەو لەو ماددەیە زۆر بە ڕوونی قۆناغەكانی چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە ڕونكراوەتەوە. بەڵام حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە بیانوی جۆراو خۆیان بە دوور گرتووە لە جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە.