#بوار
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیكۆر، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەڵێت کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکۆر پێشوازی لە پێشنیازی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ هەموارکردنەوەی مادەی ١٢ی یاسای بودجە.
كۆمەڵەكە پێی وایە کە ڕەنگە ئەو هەموارە بوارێکی گونجاو بێت بۆ چارەسەری داواکارییەکانی پێشوویان سەبارەت بە مەرجە بازرگانییەکان و پرسی پارەدان بۆ شایستەکانی هەناردەکردنی ڕابردوو و داهاتوو لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.
لە ڕاگەیەنراوی ئەپیکۆر هاتووە "ئێمە ئامادەین گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ حکومەتی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بکەین بۆ هەموو وردەکارییە سەرەکییەکان و ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام بدەین پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا".
ئەپیكۆر ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڕاین کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا سوودی بۆ هەموو گەلی عێراق هەیە".