بوار، تایبەت ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایدەگەیەنێت كە حزبەكەی پارتی باوەڕی وایە، هەر لایەنێك بەشداری لە حكوومەتدا بكات، پێویستە بنەماكانی یەك حكوومەت، یەك پەرلەمان و یەك هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بكات و ئێمەش بۆخۆمان لە پێكهێنانی كابینەی نوێ ئەو بنەمایە جێبەجێی دەكەین. د.ئەشواق جاف، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەمیدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە: سەردانەكانی پارتی بۆ لایەنە سیاسییەكان بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەستیان پێكردووە، پارتی باوەڕی وایە، هەر لایەنێك بەشداری لە حكوومەتدا بكات، پێویستە بنەماكانی یەك حكوومەت، یەك پەرلەمان و یەك هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بكات. ئاماژەی بەوەشكرد، ناكرێت حزبێك لە پایتەخت لە حكوومەت بێت لەكاتی گەڕلانەوەیان بۆ شارەكانیان وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە بكەن، بۆیە پارتی دەیەوێت هەموو لایەنە براوەكان لە حكوومەت بەشدار بن، بەڵام هەر لایەنێكیش بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی دابێت، پارتی رێز لە بڕیارەكەی دەگرێت. ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان ڕایانگەیاند كە بەشداری حكومەت ناكەن و كۆمەڵی دادگەریش ڕایگەیاند كە بەشداری حكومەت و پەرلەمان ناكەن.