بوار،تایبەت وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی عێراقی بڵاویكردەوە كە بەگوێرەی ئەو داتایانەی كە لەسەر ژمێری دەستیان كەوتووە، ساڵانە هەر تاكێكی عێراق پێویستی بە220 هێلكە و22 كیلۆ گۆشتی مریشك هەیە، بۆیە پێویستیان بە فراوانكردنی پڕۆژەكان هەیە بۆ زیادكردنی بەرهەمی گۆشتی مریشك و هێلكە محەمەد عەبدولرەزا خەزاعی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی عێراق رایگەیاند: بەپێی ئاماری نویی دانیشتووانی عێراق، هەر تاكێكی عێراقی ساڵانە پێویستی بە 220هێلكە و22 كیلۆگرام گۆشتی مریشك هەیە، بۆیە پلانیان داناوە بۆ پاڵپشتیكردنی كێڵگەكان بە مەبەستی زیادكردنی بەرهەمەكانیان، چونكە بەكۆی گشتی ساڵانە عێراق پێویستی بە نزیكەی 10 ملیار هێلكە و زیاتر لە 900 هەزار كیلۆ گۆشتی مریشك هەیە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا بەرهەمی هێلكە و گۆشت پێداویستی بازاڕ پڕ ناكەنەوە، بۆیە پلانیان داناوە كە توانای كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاتر بكەن و پڕۆژەكان گەورەتر بكەن. وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا بەرهەمی هێلكە نزیكەی شەش ملیار و 500 ملیۆن هێلكەیە و بەرهەمی گۆشتی مریشكیش 350 هەزار كیلۆیە، بۆیە پێویستە پاڵپشتی پڕۆژەكان بكەن و هاوكاری خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بكەن بۆئەوەی بتوانن بەرهەم زیاد بكەن.