بوار، تایبەت لەبارەی ودواکەوتنی مووچەوە لاهورشێخ جەنگی پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە و دەڵێت بەڕاستی ناخۆشتان کردوە، بەزۆر حەزدەکەن خەڵک بێتە سەرجادە. لاهورشێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردەوە کەتیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەرێ ئێوە هەر بەزۆر حەز دەکەن خەڵک بێتە سەرجادە و چەکتان لێهەڵگرێت! نازانم دەبێت ئەم خەڵکی کوردستان چی لە ئێوە کردبێت کە بەم شێوەیە یاری بە عەقڵ و گاڵتە بە کەرامەتی دەکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر باسی کێشەی موچە و موچەخۆر بکەین ئەوە نازانین لەکوێوە دەست پێبکەین؟! چونکە ناکرێت گوایە لەبەر کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ سێ مانگە ناتوانن موچە بدەن! ئەمە لە کاتێکدایە تەنها داهاتی مەرزەکان ( خەتی تایبەتی سەرۆک )و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە ١٥٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە واتا نزیکەی دوو تریلیۆن و سێ سەد میلیۆن دینار، زۆنی زەردیش دڵنیام ٣ هێندەی زۆنی سەوزە، ئەمە جگە لە داهاتی ئەو نەوتەی کە هەردوولا بە قاچاغ دەیفرۆشن کەچی دەڵین داهاتی ناوخۆ بەشی موچە ناکات؟! ئەمە هەم سەیرە هەم شورەیی! ١٠ ساڵ زیاترە مووچە وەک چەک دژی میللەتەکەی خۆتان بەکاردەهێنن و لەسەر حسابی موچەخۆران گەندەڵی و تاڵانی دەکەن. لاهورشێخ جەنگی ئەوەشی نوسیوە، ئەمڕۆش گوێبیستی ئەوە بووم گوایە سەیارە بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردادەگیرێت لە لایەن لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانییەوە! ئەمە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتی داوای لێکردن کە ئەگەر ئاڵاو ڕەسمی سەرۆکی یەکێتی لەسەیارەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا ئەوکات سەیارە بێمۆڵەتەکان کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بەقسەیان کردن و سەیارەکانیان سەوز پۆش کرد! ئەنجامەکەی چی بوو؟! ڕونیشیکردووەتەوە، لە ٢ مانگی ڕابردوودا خودی سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج هەزار سەیارەی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە کەچی ئێستا هەرخۆی بڕیاری داوە هەرکەسێک ئەو سەیارانەی کڕیبێت و لەسەرجادە بێت دەبێت دەستگیر بکرێت؟! لەکۆتایی پەیامەکەیدا لاهورشێخ جەنگی دەڵێت"جا بۆیە هەست دەکەم بەزۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەرجادە بەڵام ئەمجارەیان بەچەکەوە".