بوار لەسەر سازکردنی ٢٧هەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ، مەلا بەختیار وەڵامی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت "کۆتایی ساڵی ئایندە فیستیڤاڵی راستەقینە دەبەستن". بڕیارە پاشنیوەڕۆی سبەینێ ٢٧هەمین فیستیڤاڵی ئەدەبی و ڕوناکبیری گەلاوێژ لە شاری سلێمانی دەست پێبکات، بەڵام بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بەتایبەتیش لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار، لە ماوەی رابردودا ناوەندی چاودێر کە مەلا بەختیار سەرپەرشتی دەکرد داخرا، بەو هۆیەشەوە فیستیڤاڵی گەلاوێژ لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار دابەش بووە. مەلا بەختیار ئەمرۆ وەک "سەرپەرشتیاری گشتی فیستیڤاڵی گەلاوێژ" ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بەستنی فیستیڤاڵی سبەینێ بڵاویکردۆتەوە و جگە لەوەی دان بە فیستیڤاڵی سبەینێدا نانێت، دەڵێت، ساڵی داهاتوو فیستیڤاڵی راستەقینە دەبەستن. دەقی راگەیەنراوەکەی مەلا بەختیار.. پەیامی مەلابەختیار دەربارەی بەناو فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕوناکبیران و ڕێبوارانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ. بەداخەوە ھێشتا ماتەمینی ھاوڕێ و کۆڵەکەی سەرەکی فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەری نەداوین، ھێشتا کفنەکەی سامی ھادی زەرد نەبووە، دوورلە ئیرادەو پەرۆشیمان بۆ ئەدەب و داھێنانی کوردستان و عێراق و جیھان، لەسەر داخوازی دەیان تەلەفۆنی نوسەرانی عەرەب و ڕۆژھەڵاتی کوردستان و کوردستانی عێراق، کەپەیتا پەیتا پەیوەندیم پێوە دەکەن، ھەموویان ئامادە نین جگە فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی گەلاوێژ ببنە بەشێک لە سیناریۆیەکی تر بەناوی گەلاوێژەوە، ئەم ڕونکردنەوەیە دەنوسم. دورو نزیک بەندە وەکو سەرپەرشتیار گشتی فێستیڤاڵ، ھەتا بڕیاردان بۆ سازدانی ٢٧ مین فێستیڤاڵ، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەی ئێستا دەیانەوێت دوور لە گەوھەرە مێژوییەکەی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، فێستیڤاڵ ساز بدەن. ئەمانیش، وەکو یەک تیم، بەبێ بچوکترین تێبینی لە دوا کۆبونەوە لەگەڵماندا، بڕیارمان داو بانگەوازی سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵمان بڵاو کردووە، بەڵام دوای داگیرکردنی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، دۆخەکە سەراپا گۆڕا، جەخت دەکەمەوە کەئێمە سورین لەسەر سازدانی ٢٧ یەمین فێستیڤاڵ لەکۆتایی ساڵی ئایندە. لەھەمان کاتدا دوورو نزیک ئەوانەی دەیانەوێت بەناوی فێستیڤاڵی گەلاوێژەوە فیستیڤاڵ سازبدەن، ئەستۆیان دەخەنە بەردەم ئۆباڵێکی مێژوویی، کەدورە لە نەریتی سازدانی فێستیڤاڵ و دورخستنەوەی فێستیڤاڵ لەھەژمونی حیزبایەتی. ئەو نوسەرو بەھرەمەندوو دڵسۆزانەی دەیانەوێت لەگەڵ فێستیڤاڵی ڕاستەقینەی گەلاوێژ بمێنەوە، ئێمە بەدڵێکی فراوانەوە لە کۆتای ساڵی ئایندە چاوەڕوانیانین. دڵنیاشین ھەوڵیتر دورە لە ڕۆحی ڕاستەقینەی فێستیڤاڵ. دورە لەمتمانەو ڕێزو سەربەخۆی قەڵەم و ئەقڵ و داھێانان. لەگەڵ ڕێزی مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ