بوار، تایبەت بەهۆی زیادبوونی ژمارەی لیواهاوبەشەكانی سەربەوەزارەتی پێشمەرگە بڕی هاوكاری هاوپەیمانان بۆ لیواهاوبەشكانی پێشمەرگە بۆ مانگی 11 كەمكرایەوە بۆ 289 هەزار دینار، لە كاتێكدا مانگەكانی پێشوو نزیكەی 400 هەزار دیناریان وەردەگرت. بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، بڕی هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ مانگی 11ی لیواهاوبەشەكان بۆ 289 هەزار دینار كەمراوەتەوە كە وابڕیارە ڕۆژی یەك شەممە 8/12/2024 دابەشبكرێت، لەكاتێكدا مانگەكانی ڕابردوو نزیكەی 400 هەزار دیناریان پێدەدرا. ئاماژە بەوەشكراوە، هۆكاری كەمبوونەوەی بڕی هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ لیواهاوبەشەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مانگانە ژمارەی لیواهاوبەشەكان زیاد دەكات بەهۆی گواستنەوەی ژمارەیەك لە فەوج و لیوای سەر بە یەكەكانی 70 و 80 بۆ سەر لیواهاوبەشەكان، بۆیە هەتا ژمارەی لیواهاوبەشەكان زیاد بكات بڕی هاوكارییەكەشیان كەمدەكات. بەگوێرەی زانیاریەكانی بوار، لە مانگی هەشت هەر پێشمەرگەیەك بڕی 401 هەزار دیناری پێ درا،بەڵام لە مانگی حەوت بۆ 386 هەزار دینار كەمكرایەوە، دواتر لە مانگی نۆ بڕەكە بۆ 407 هەزار دینارزیادیكردەوە بەڵام لە مانگی 10 بڕی هاوكارییەكە بۆ 313 هەزار دینار كەمكرایەوە بۆ ئەم مانگەش بووەتە 289 هەزار دینار بۆ هەر پێشمەرگەو شەفەسرێك بەبێ جیاوازی.